تورکیا لە چ وڵاتێکی دیکە بنکەی سەربازی هەیە؟

07:29 - 22/08/2019
جیهان

جگە لەباكوری دورگەی قوبرس كە لەساڵی 1974 وە توركیا بنكەیەكی سەربازی تێدا دامەزراندوە توركیا بنكەیەكی سەربازی ئەوتۆی لەدەرەوەی وڵاتەكەی نەبوە بەڵام دوای هاتنە سەرحوكمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەساڵی 2002 و هەستكردنی بەمەترسییەكانی وڵاتانی وەك سعودییە و ئیمارات بەتایبەت لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی ساڵی 2016 وە ئێستا توركیا هەمو هەوڵەكانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ دامەزراندنی دەیان بنكەی سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەرەوە.
 
بنكە سەربازیەكانی  توركیا لەعێراق و سوریا ڕۆڵێكی سەرەكییان هەیە لەڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە بەردەوامەی كە توركیا لەسەردەمی كۆماری نوێی توركیاوە لەگەلی كوردی دەكات و زیاتر لەسەدەیەكە لەدەرەوەو ناوەوەی توركیا ڕوبەڕویان دەبێتەوە، بەتایبەت پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.

عێراق


لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە توركیا بونی سەربازی لە عێراق هەیە ئەوەش بە رێكەوتن لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن، ساڵی 2018 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراق ڕایگەیاند توركیا 11 بنكەی سەربازی لەناوخۆی عێراقدا هەیەو بەنیازیشە بنكەكانی زیاتر بكاتەوە، بەڵام ژمارەی ڕاستی بنكە سەربازیەكانی توركیا لەعێراق زیاتر لە 15 بنكەیە.

سوریا

 دەسەڵاتدارانی توركیا بەهاوكاری ڕوسیا 12 خاڵی چاودێرییان لەسوریا دامەزراندوە كە دەكەونە پارێزگاكانی ئیدلیب، حەمما و حەڵەب بەڵام لەئێستادا ئەم خاڵی چاودێریانە كراونەتە بنكەی سەربازی، ئەوە سەرباری ئەوەی توركیا چەندان بنكەی سەربازی لەناوچەكانی باب و جەرابلوس و ئەعزازو عەفرین هەیەو لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بەڕێوەی دەبەن.

لیبیا

 توركیا بەشێوەیەكی ڕانەگەیەنراو هەزاران سەربازو فرۆكەی بێفرۆكەوان و چەك و جبەخانەی ڕەوانەی لیبیا كردوە بۆ ئەوەی لەلایەك ئامادەبونی خۆی لەبەرامبەر  وڵاتانی میسرو سعودییەو ئیمارات نیشان بدات و لەلایەكی تریش هاوكاری حكومەتی لیبیا بكات.

قەتەر


ساڵی 2016  توركیا بنكەی سەربازی تارق بن زیادی بەبەهای 39 ملیۆن دۆلار لە قەتەر كردوە، كە توانای جێگیركردنی  سێ هەزار سەربازی هەیە، هەروەك دەزگاكانی ڕاگەیاندنی توركیاش ئەوەیان بڵاوكردوەتەوە كە توركیا بەنیازە بنكەیەكی تریش لەو وڵاتە دابمەزرێنێت.

 سۆماڵ

 ساڵ و نیوێك دوای كردنەوەی بنكەی سەربازی توركیا لەقەتەر، توركیا لەژێرناوی ڕاهێنانی سەربازانی سۆماڵ بنكەیەكی سەربازی لەمەقادیشۆی پایتەختی ئەو وڵاتە كردەوە كە 50 ملیۆن دۆلاری تێچوەو جێگەی  1500 سەرباز و فڕۆكەو بەلەمی جەنگی و هێزی كۆماندۆی تێدا دەبێتەوەو ئامانج لێی ڕاهێنانی سەربازانی سۆماڵە دژی چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان.

قوبرس


لەپاڵ بونی چەندان كەشتی لەقوبرس كە خەریكی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و غازن لەكەناراوەكانی قوبرس، توركیا خاوەنی 30 هەزار سەربازە لەبەشە توركیەكەی قوبرس و بەنیازیشە بنكەیەكی سەربازی لە ئاوەكانی قوبرسدا دابمەزرێنێت.

سۆدان

 توركیا لە ساڵی 2017 دەستیكردوە بە دامەزراندنی بنكەی سەربازی لە سودان، بەڵام لەدوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتەكەی عومەر بەشیر لەو وڵاتە، دەسەڵاتدارانی ئێستای سودان و بەتایبەت سەركردە سەربازییەكانی وەك  عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان كە لەدەوری هەسارەی هەژمونی سعودییەو ئیمارات دەسوڕێنەوە داوا دەكەن كاركردن لەو بنكە سەربازییە رابگیرێت.

توركیا كە ساڵانێك بەهێزی نەرم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدرایە قەڵەم بەڵام دوای هاتنە سەرحوكمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا بوەتە دوەم هێزی ناتۆو لەبواری سەربازیش پەلی بۆ وڵاتانی هەرێمیی و ناوچەیی هاویشتوەو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هێزو دەسەڵاتی سەربازی خۆی نیشانی ڕكابەرەكانی لەناوچەكەو جیهان بدات.

1909 جار خوێندراوەتەوە