سلێمانی: یه‌كه‌مین فێستڤاڵی فۆتۆگرافی كرایه‌وه‌

02:53 - 20/08/2019
گەلەری

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ فێستیڤاڵێ لە لایەن ناوەندی حەوت رەنگە لە ھۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی شارەکە و ھونەرمەندان کرایەوە.

بەختیار سەعید، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە لەو بارەیەوە وتی، فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌به‌شداری ١٠٠ فۆتۆگرافەری کوردی دەستیپێکرد و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.

هه‌روه‌ها وتیشی، لەم فێستیڤاڵەدا جگە لە پیشانگەیەک و نمایشکردنی چاپکراوێکی فۆتۆیی بۆ فۆتۆگرافەر لوقمان رەحیمی بەناوی ١٠٠ پۆرترێت کە بەکوالیتییەکی زۆر تایبەت چاپ کراوە، لەھەمانکاتدا چەندین کامێرای تەمەنە جیاوازەکان نمایش دەکرێت، لەگەڵ بینینی فۆتۆ جیاوازەکان.

بە گوێرەی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، لە رۆژی دووەمدا پیشانگەکە بەردەوام دەبێت، لەھەمانکاتدا دیبەیتی تایبەت بە فێستیڤاڵ لەنێو قاوەخانەی ئەمنە سوورەکە بەڕێوەدەچێت کە چوار بابەتی تێدا پێشکەش دەکرێت لە لایەن (پاڤی جەمیل ئەحمەد، فایەق حەمە سالح، فارس سەعید، پویا خزدوزی)ەوە.

لە رۆژی سێیەمدا وۆرک شۆپێکی تایبەت بە چۆنێتی دروستکردنی فۆتۆ ستۆری لەلایەن فۆتۆگرافەر مەھدی تەوەکولی-ەوە پێشکەش دەکرێت.

لە رۆژی چوارەم و کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا پێشانگەکە کراوە دەبێت، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژیش رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت.

284 جار خوێندراوەتەوە