ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ڕێگا هه‌ڵه‌كه‌ی كۆمسیۆنی ڕاست نه‌كردایه‌ته‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتن دروست ده‌بوو

11:53 - 13/06/2018
عێراق

ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، په‌رله‌مان ڕێگا هه‌ڵه‌كه‌ی كۆمسیۆنی ڕاستكرده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نه‌نایه‌ كێشه‌ی سیاسی و بێمتمانه‌یی و به‌ریه‌ككه‌وتن دروست ده‌بوو.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ده‌ڵێت، بێ متمانه‌ی به‌هۆی ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆمسیۆنه‌وه‌ گه‌یشته‌ لوتكه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م دۆخه‌ی ده‌رنه‌خستایه‌ كێشه‌كه‌ زۆر زیاتر ئاڵۆز و ئاشوبی زیاتری لێده‌كه‌وته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، به‌پێی ئه‌و دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌ ڤیدیۆییانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كێشه‌ی گه‌وره‌ هه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردندا، هه‌زاران به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ساخته‌كارییه‌كان درابویه‌ كۆمسیۆن.

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیانه‌وه‌، ئارام شێخ محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شی وت، ئێمه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنمان هه‌مواركرده‌وه‌ و دواتریش په‌سه‌ندكرا، به‌پێی یاساكه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانی عێراق به‌ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌ و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هاوڵاتیان بخرێنه‌ڕوو، چاوه‌ڕوانی كاره‌كانی دادوه‌ره‌كانین.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێدایه‌ ڕۆژی 6-6-2018 كۆبوونەوەی په‌رله‌مانی عێراق بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار به‌ڕێوه‌چوو، كه‌تیایدا هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن كرایه‌وه‌ و تیایدا، بڕیاردرا له‌سه‌دا 100ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بژمێرێته‌وه‌ و ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌رێم و ئاواره‌كان و ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

4697 جار خوێندراوەتەوە