جەباریاوەر ژمارەی پێشمەرگە لە هەرێم و یەکەی ٧٠ و ٨٠ ئاشکرادەکات

07:43 - 19/08/2019
کوردستان

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ١٧٠ هەزار پێشمەرگە لە ئەرکدان و موچەوەردەگرن.

 

 جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرنامەی دیداری ئەمڕۆی KNNدا ڕایگەیاند "تا ئێستا ١٢٠ هەزار پێشمەرگە سەربە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ن و یەک نەخراونەتەوە، واتە ئەو ژمارەیە سەربە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانن".

 

وتیشی "لە ساڵی ٢٠١٠ وە وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی هەموو حزبە سیاسییەکانی کردووە و ئەو هێزانەی کە هەیانبووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا تێکەڵکراونەتەوە و ئیستاش وەک پێشمەرگە لە ئەرکدان نەک وەک هیزێکی حزبی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا".

 

سەبارەت بە ئەو هیزە سەربازییەی لەماوەی ڕابردوودا وەک هێزی سەربازی حزبی سوسیالیست دەرکەوتن جەبار یاوەر ڕایگەیاند "ئەو هێزە سەربازییە سەربە هێزەکانی زێرەڤانین و هێزەکانی زێرەڤانیش سەربە وەزارەتی ناوخۆن و وەک پۆلیس مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

 

سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی زیادکرد "لەدوای شەڕی داعشەوە پڕۆژەیەکی ٣٥ خاڵی هەیە بە چاودێری ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تا ئیستا ٥ خاڵ لەو خاڵانە جێبەجێکراون".


لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر هێزی پێشمەرگە هەیە ئەویش ئەو یەکانەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ن، کە یەکەکانی ٧٠ هێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و یەکەکانی ٨٠ هێزی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

 

بۆ بینینی تەواوی بەرنامەكە كلیك لێرە بكە

7411 جار خوێندراوەتەوە