ڤیدیۆ.. ئاوی گەڕاوی میرسەیید لە کۆیە بۆ چارەسەری هەندێك نەخۆشی بەكاردەهێنرێت

08:43 - 14/08/2019
کوردستان

 ئاوی گەڕاوی میرسەیید لە شاری كۆیە، بەهۆی بونی زۆری گۆگرد لە ناویدا، هاوڵاتیان لە زۆر شوێنەوە بە مەبەستی چارەسەری هەندێك نەخۆشی بەتایبەتی پێست سەردانی دەكەن و خۆیان بە ئاوەكە دەشۆن، پزیشكێكی پێستیش ئاماژە بەوە دەكات ئاوەكە، بۆ هەندێك نەخۆشی پێست سودی هەیە، بەڵام نابێت هەموو كەس بێ رێنمایی بەكاری بهێنێت.

 
ئەمە ئاوێكی جیاوازە و لە كۆیە بە گەڕاوی میرسەیید ناسراوە، هاوڵاتییان لە زۆر شوێنەوە بە مەبەستی چارەسەری هەندێك نەخۆشی بەتایبەتی پێست، سەردانی دەكەن و، خۆیان بە ئاوەكە دەشۆن. 

    
 هەندێكیان پێش ئەوەی خۆیان بكەنە ناو ئاوەكەوە، قوڕی ئەوێ لە جەستەیان دەدەن،  دەشڵێن شوێنەكە هیچ خزمەتگوزارییەكی لێ نییە. 

 
پزیشكێكی پێست باس لەوە دەكات، ئەو ئاوە ڕێژەی گۆگردی زۆر تێدایە، لەبەر ئەوە بۆ هەندێك نەخۆشیی پێست سوودی هەیە، دەشڵێت نابێت هەموو كەسێك بە بێ ڕێنمایی بەكاری بهێنێت. 
 
لەپێناو ئەوەی  وەك ناوچەیەكی گەشتیاری سودی لێ ببینرێت، چەند ساڵێك پێش ئێستا پلان دانرا كە پرۆژەیەكی گەشتیاریی تەندروستیی لێ دروست بكرێت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریش دەڵێت، ئەوە یەكێك بوو لە پرۆژە گرینگەكانی گەشتیاری، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانراوە بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

 
گەڕاوی میر سەیید دەكەوێتە سەر ڕێگای سماقوڵی لە سنوری قەزای كۆیە، كە لە دوو حەوز پێك هاتوە، بەڵام لەبەر نەبوونی شوێنی تایبەت، ئافرەتان وەك پێویست سودی لێ نابینن، هاوكات پلەی گەرمیی ئاوەكەی لە هەر چوار وەرزەكەی ساڵدا نزیكەی 38 پلەیە، بۆیە بەردەوام هاوڵاتییان سەردانی دەكەن.

967 جار خوێندراوەتەوە