ئێران خاوەنی 370 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە

06:11 - 14/08/2019
جیهان

 
ئێران ئاشكرای دەكات، بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی گەیاندوەتە 370 كیلۆگرام, هۆشداریش دەدات مانگی داهاتوو ئاستی پابەندییەكانی بە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە كەمتر دەكاتەوە. 
 
بەهرۆز كەمالوەندی وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند, نزیكەی 60 بۆ 70 كیلۆگرامی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی چڕیی لەسەدا چوار پۆینت پێنج, زیاد كراوە بۆ یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەكەی, بەوەش بڕی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران گەیشتوەتە 370 كیلۆگرام و دەیانەوێت چڕیی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرز بكەنەوە بۆ لەسەدا بیست. 

ئێران هۆشداری دەدات مانگی ئەیلولی داهاتوو قۆناغی سێیەمی هەنگاوەكانیان دەست پێ بكەن بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئاستی پابەندییەكانیان بە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015و چڕیی پیتاندنی یۆرانیۆمیش بگەیەننە ڕێژەی لەسەدا بیست, ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا هەنگاوی جدیی لە بەرامبەر ڕێكەوتنەكە نەگرنەبەر. 

بەپێی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015, دەبێت ئێران بە ڕێژەی چڕیی سێ پۆینت 67 یۆرانیۆم بپیتێنێت.

199 جار خوێندراوەتەوە