ئەمڕۆ لە چەند وڵاتێكی ئیسلامی یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو

07:51 - 12/08/2019
جیهان

ئەمڕۆ لە ئێران یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو
موسوڵمانانی پاكستان ‌و هیندستان مەراسیمی جەژنیان گێڕا
عێراق؛ ژمارەیەك لە شارە شیعە نشینەكان ئەمڕۆیان كرد بە جەژن
عادل عەبدولمەهدی لە مزگەوتی حەزرەتی ئیدریس لە ناوچەی كەڕاددە نوێژی جەژنی كرد


دوای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ڕۆژی یەكشەممەیان كرد بە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز, وەك نەریتێكی هەمیشەیی و ساڵانە ئەمڕۆ دووشەممە لە چەند وڵاتێكی تری ئیسلامی كرا بە جەژن.


بەیانیی ئەمڕۆ بەشێكی زۆری موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە وڵاتانی ئێران و پاكستان و هندستان, جەژنی قوربانییان كردو دوای نوێژی جەژن, جەژنە پیرۆزەو گەردنئازادییان لە یەكتر كرد و  پیرۆزباییان لە موسڵمانانی جیهانیش كرد.

لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ڕۆژی یەكشەممە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو, بەڵام وەك نەریتی هەمیشەیی، لە چەند وڵاتێكی تری ئیسلامی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەن, ڕۆژی دووشەممە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو.

دەسەڵاتدارانی ئێران, رۆژی دووشەممەیان وەك یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری كردو نوێژی جەژنیش لە مزگەوتی موسەڵای ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو.

ژمارەیەك لە شارەكانی عیراقیش وەك هاوسۆزییەك بۆ شیعەكانی ئێران، رۆژی دووشەممەیان كرد بە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لە مزگەوتی حەزرەتی ئیدریس لە ناوچەی كەرادە بەشداریی نوێژی جەژنی كرد.

موسڵمانانی پاكستانیش وەك نەریتی جەژن, چوونە مزگەوت و دوای نوێژی جەژن, جەژنە پیرۆزەو گەردنئازادییان لە یەك كردو دەستی نزاو پاڕانەوەیانە بەرزكردەوە بۆ یەزدان, تا ئاشتی و سەقامگیریی باڵ بكێشێت بەسەر وڵاتەكەیان و ناوچەكەو جیهاندا, چونكە لەمساڵدا پەیوەندییەكانی وڵاتەكەیان لەگەڵ هندستان بەهۆی هەرێمی كشمیرەوە نا ئارامیی و پشێویی بەخۆوە دەبینێت.
  
موسڵمانانی پاكستان, وەك نەریتی هەمیشەیی جەژنی قوربان و هاوشێوەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان, ئاژەڵیان كرد بەقوربانیی بۆ ئەوەی گۆشتەكەی بەسەر هەژارو كەمدەرامەتاندا دابەش بكەن.

موسڵمانانی هندستان لەمزگەوتی گەورەی وڵاتەكەیان, كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەهەم, نوێژی جەژنیان كردو جەژنە پیرۆزەو گەردن ئازادییان لەیەكدی كرد.
موسڵمانانی هندستان خوازیاربوون ئەم جەژنە ببێتە هۆكاری ئاشتەوایی و پێكەوە ژیانی هندۆس و موسڵمانەكان لەوڵاتەكەیاندا.

هەروەك نەریتی موسڵمانانی جیهان, موسڵمانی هندستانیش قوربانی دەكەن و گۆشتەكەی بەسەر خەڵكی هەژارو كەمدەرامەتی وڵاتەكەیان دابەش دەكەن.

موسڵمانانی جیهان لەكاتێكدا ئاهەنگی جەژنی قوربانی ئەمساڵ دەگێڕن, ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و وڵاتانی ئیسلامی لە كیشوەری ئاسیاو باكوری ئەفریقا, بەهۆی شەڕی دژی تیرۆر و كاروكردەوە تیرۆریستیەكانی رێكخراوی داعش و گروپە توندڕەو و جیهادیەكان كە چەند ساڵێكە سەری هەڵداوە و هێشتا بە تەواوی كۆتایی نەهاتوە, ناسەقامگیریی و نا ئارامیی بەخۆوە دەبینن, ئاڵۆزییەكانی كەنداویش زیاتر ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكەی بە ناسەقەمگیریی هێشتوەتەوە، هەر بۆیە موسڵمانان دەستی نزاو پاڕنەوە بۆ یەزدان بەرز دەكەنەوە تا ئاشتەوایی و ئارامیی باڵ بكێشێت بەسەر ناوچەكەو جیهاندا. 

616 جار خوێندراوەتەوە