كۆمپانیا چینییەكان لە بازاڕەكانی جیهاندا تەنگیان بە مۆبایلی ئایفۆن هەڵچنیوە

12:15 - 10/08/2019
زانستی

ناوەندێكی بەبازاڕكردن: كۆمپانیای سامسۆنگ بە جیاوازییەكی زۆر پێشەنگیی گرتوە  

 

كۆمپانیا چینییەكان بۆ دروستكردنی مۆبایلی زیرەك, لە بازاڕەكاندا تەنگیان بە مۆبایلی زیرەكی ئایفۆن دروستكراوی كۆمپانیای ئەپڵ هەڵچنیوەو پاشەكشەیان بە فرۆشی كۆمپانیاكە كردوە.

بەپێی بەدواداچوون و توێژینەوەی كۆمپانیای ئەی ئێچ, تایبەت بە بازاڕكردن كە هەڵسەنگاندنی كردوە بۆ سێ مانگی ڕابردوو, لە ڕیزبەندیی ئەو كۆمپانیایانەی زۆرترین فرۆشی مۆبایلی زیرەكیان هەبوە لە بازاڕەكاندا, كۆمپانیای سامسۆنگ كە مۆبایلی گالاكسی نۆت 10  دروست دەكات, بە جیاوازییەكی زۆر پلەی یەكەمیی گرتوەو 75 ملیۆن و 100 هەزار مۆبایلی فرۆشتوە. 

كۆمپانیای هواویی چینیش بە پلەی دوەم هاتوەو 58 ملیۆن و 700 هەزار مۆبایلی زیرەكی فرۆشتوە. 

مۆبایلی ئۆپۆ-ش كە دروستكراوی یەكێك لە كۆمپانیا چینییەكانە, پاشەكشەی بە مۆبایلی ئایفۆن كردوەو پلەی سێیەمی لێ وەرگرتوە،  36 ملیۆن و 200 هەزار مۆبایلی فرۆشتوە. 

هەرچی مۆبایلی زیرەكی ئایفۆنیشە كە دروستكراوی كۆمپانیای ئەپڵە لەبازاڕەكاندا پاشەكشەی كردوەو لەپلەی سێیەمەوە چوەتە پلەی چوارەم و  35 ملیۆن و 300 هەزار مۆبایلی لە بازاڕەكاندا فرۆشراوە.

670 جار خوێندراوەتەوە