گەنجێکی سلێمانی بۆ دروستکردنی تابلۆیەک 400 کیلۆمەتر دەزووی بەکارھێناوە

03:35 - 09/08/2019
هەمەڕەنگ

 گەنجێکی دانیشتوی شاری سلێمانی بە رێگایەکی جیاواز سەرقاڵی تابلۆ کێشانە، ئەویش لە رێگەی بزمار و دەزووەوەیە و لە دروستکردنی تابلۆی ئەکتەرێکی سینەمایی ھۆلیوددا 400 کیلۆمەتر دەزووی بەکارھێناوە.

 

ئەھوەن فاروق عزەت تەمەن 26 ساڵان گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە، لە ئێستاشدا ئەو شێوازەی ئەو ھەڵیبژاردووە بۆ تابلۆ کێشان جێگەی سەرنجە و تابلۆکانی ناوازەن.

 

ئەھوەن دەرچووی کۆلێجی دارایی و بانکە، ئەو بەشەش ھیچ پەیوەندییەکی بە ھونەرەکەیەوە نییە، بەڵام زیاتر لە ھونەرەکەیدا کاری کردووە و تێیدا پەرەی بە تواناکانی داوە.

ئەو لەبارەی کارەکەیەوە رایدەگەیەنێت لە قۆناغی سەرەتاییەوە حەز و خولیای وێنەکێشانی ھەبووە و زۆرجار لە پۆلدا لەسەر کاغەز وێنەی کێشاوە و ھەستی کردووە توانایەکی ھەیە لەو بوارەدا، دواتر لە بواری دیزاین لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی کاری کردووە، نزیکەی دوو ساڵیشە سەرقاڵی کاری سترینگە.

 

ئەم ھونەرمەندە جگە لە تابلۆ کێشان بە بزمار و دەزوو، کاری دیزانینی سەقف و دیواری ماڵ و ھۆڵەکانیش دەکات لە رێگەی دەزووەوە،  تائێستا چەندین بەرھەمی ھەیە و بەشداری چەندین پێشانگای کردووە، دیارترین و نوێترین بەرھەمی تابلۆی ئەکتەرێکی ھۆلیودە کە ماوەیەکی زۆر کاری تێدا کردووە.

ئەھوەن باس لەوەش دەکات نوێترین کارم تابلۆی (ئەودری ھێپبۆرن) ئەکتەری ھۆلیودە، قیاسەکەی 135سانتیم بە 135سانتیم دەبێت، زیاتر لە 100 کاتژمێر کاری تێدا کردووە و 500 بزماری تێدا بەکار ھاتووە بەبێ ئەوەی یەک بزمار بکەوێتە ناوەڕاستی تابلۆکەوە، ھەروەھا 400 کیکلۆمەتر دەزووی تێدا بەکار ھاتووە.

 

ئەو باس لەوە دەکات، یەکەمجارە بەو شێوەیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش لە رێگەی بزمار و دەزووەوە تابلۆ دەکێشێت، پلانی ئەوەشی ھەیە کارەکەی زیاتر گەورە بکات و بە پڕۆژەیەک بڵاوی بکاتەوە.

960 جار خوێندراوەتەوە