وردەکاری ڕێککەوتنی تورکیا و ئەمریکا لەبارەی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان

07:55 - 07/08/2019
جیهان

ئەمریكا و توركیا بەهەماهەنگیی ناوچەی ئارام لە سوریا دروست دەكەن  

 پێشتر ئەمریكا رایگەیاندبوو پێی باشە ناوچەی ئارام 14 كیلۆمەتر بێت

توركیا داوا دەكات ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر بێت 

هەسەدە پێشنیازەكەی ئەمریكاو داواكارییەكەی توركیا رەت دەكاتەوە 

هەسەدە: نابێت قووڵایی ئەو ناوچە ئارامەی دروست دەكرێت لە پێنج كیلۆمەتر زیاتر بێت

ئەمریكا، نیگەرانییە ئەمنیەكانی توركیا لەسوریا، دەڕەوێنێتەوە, هەردوولاش بە هەماهەنگیی ناوچەی ئارام لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا دروست دەكەن. 

پێشتر ئەمریكا رایگەیاندبوو، پێی باشە ناوچەی ئارام 14 كیلۆمەتر بێت, بەڵام توركیا داوا دەكات، ناوچەی ئارام بەقوڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر بێت,   

هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدەش، پێشنیازەكەی ئەمریكاو داواكارییەكەی توركیا، رەت دەكەنەوە.

ئەمریكا، نیگەرانیە ئەمنیەكانی توركیا لە سوریا، دەڕەوێنێتەوە, هەردوولاش رێككەوتن بە هەماهەنگیی ناوچەی ئارام لەسوریا دابمەزرێنن.. 
 
لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە تا رۆژی چوارشەممە حەوتی مانگ, هەردوو وەفدی دانوستانكاری ئەمریكاو توركیا لەئەنقەرە، لەگفتوگۆدابوون بە مەبەستی دروستكردنی ناوچەی ئارام لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا. 
 
وەفدی دانوستانكاری ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی دژی داعش و كاروباری سوریا بوو, وەفدی توركیاش بەسەرۆكایەتی خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری بوو. 

 

دوای كۆبونەوەكان، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكان بڵاوكردەوە. 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە رایدەگەیەنێت: ئامانجی سەرەكی كۆبونەوەكان، تاوتوێكردنی هەماهەنگیی بووە بەمەبەستی دروستكردنی ناوچەی ئارام لەباكوری سوریاو وەفدی ئەمریكاو توركیا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتون. 

سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست دەكرێت, بەمەبەستی هەماهەنگیی بۆ دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامەی بڕیاری لێدراوە.   

 

ناوچەی ئارام دەبێتە رێڕەوێكی ئارام و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ وڵاتی خۆیان. 
 
توركیا داوا دەكات، ناوچەی ئارام لەسوریا بەقوڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر بێت, بەڵام چەند رۆژی رابردوو مارك ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا, ناڕازییبونی واشنتۆنی نیشاندا لەهەر هەوڵ و هەنگاوێكی لەو جۆرە.

هەفتەی رابردوو جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش و كاروباری سوریا رایگەیاند: واشنتۆن پێی باشە، ناوچەی ئارام لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا كە دەكاتە رۆژئاوا كوردستان, لەنێوان پێنج بۆ 14 كیلۆمەتردا بێت, ئەوەش كەمترە لەنیوەی ئەوەی توركیا داوای دەكات. 

 

هێزەكانی سوریای دیموكرات, هەسەدەش ئەو پێشنیازەی ئەمریكاو داواكاری توركیا، رەت دەكەنەوەو رایدەگەیەنن: نابێت قوڵایی ئەو ناوچە ئارامەی دروست دەكرێت، لە پێنج كیلۆمەتر زیاتر بێت.

7157 جار خوێندراوەتەوە