چەند هونەرمەندێك گۆرانی (كە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و كێو شینە) نوێدەكەنەوە

03:12 - 28/07/2019
هەمەڕەنگ

چەند هونەرمەندێكی كورد و بیانی گۆرانی كە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و كێو شینە نوێدەكەنەوە و بە چەند زمانێكی جیاواز دەیڵێنەوە و بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاویدەكەنەوە.

 

هونەرمەند كاروان حەمید حەلاق كە خاوەنی بیرۆكەكەیە باسی لەوە كردووە، بەرهەمەكە لە ستۆدیۆ یاد میدیا تۆماركراوە و كاری میوزیك و ڤیدیۆی بۆ كراوە، 10 هونەرمەندی كورد و بیانیش بەشداری نوێكردنەوەی گۆرانییەكەیان كردووە.

 

گۆرانییەكە بە زمانەكانی عەرەبی و توركی و یۆنانی وتراوەتەوە، بەجۆرێك هونەرمەندان كاروان حەمید حەلاق و بافڵ سەرهەنگ بەشە كوردییەكەیان تۆماركردووە، هەروەها خانمە هونەرمەند شەزا حایك بە عەرەبی و دویگۆ ئالك بە توركی و ئاندریانا ئاشیتزانۆڤا بە یۆنانی گۆرانییەكەیان وتوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەند هونەرمەندێكی دیكەی كورد و بیانی وەك ژەنیار بەشداری بەرهەمەكەیان كردووە.

 

كە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و كێو شینە یەكێكە لەو ئاوازانەی بە چەندین زمانی جیاواز وتراوەتەوە، بۆ یەكەمجار بە كوردی هونەرمەندێك بە ناوی مەلا كەریم وتویەتی و دواتر گەورە هونەرمەندی كورد مەزهەری خالقی لەوی وەرگرتووە و تۆماركردووە، هەروەها بە عەرەبی و فارسی و توركی و ئازەر لەگەڵ بلوچ و ئەرمەن و یۆنانی و چەند زمانێكی دیكە وتراوەتەوە.

1400 جار خوێندراوەتەوە