ته‌یمور هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی‌ له‌ پارێزگای‌ سه‌ماوه‌ی ڕاگرت

03:19 - 27/07/2019
کوردستان

له‌سه‌ر داوای‌ تاقانه‌یه‌كی‌ ئه‌نفال، پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی‌ ئه‌نفال له‌ پارێزگای‌ سه‌ماوه‌ راگیران.

فواد عوسمان، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ KNN ڕاگه‌یاند: پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ سێ‌ گۆڕی‌ به‌كۆمه‌ڵ له‌ پارێزگای‌ سه‌ماوه‌ به‌رده‌وام بوو , ئێستا پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌و 3 گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ ته‌واو بووه‌ و ئێسك و پروسكی‌ زیاتر له‌ 80 ئه‌نفالكراوی‌ تێدابووه‌ , به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌یمور عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ ڕزگاربوانی‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال سه‌ردانی‌ شوێنی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كات چه‌ند داواكاریه‌كی‌ ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند و هه‌رێم ده‌كات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌كان ڕاده‌گیرێت.

به‌ ووته‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان تیمور داوایكردووه‌: تۆمه‌تبارانی‌ تاوانی‌  ئه‌نفال  ده‌ستگیر بكرێن و دۆسیه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ جینۆساید بناسێنرێت و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش به‌ فه‌رمی‌ داوای‌ لێبوردن له‌ گه‌لی‌ كورد بكات و قه‌ره‌بووی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوانیش بكرێته‌وه‌.

پێشتر شایه‌تحاڵ و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌ بیابانییه‌ی سه‌ماوه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردبوو كه‌ مێژوی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ كۆنن و روفاتی كورده‌ فه‌یلیه‌كانی تێدایه‌، كه‌ مێژوی ئه‌نفالكردن و زینده‌به‌چاڵكردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌ بۆ پاكتاوكردنی ره‌گه‌زی كورد له‌ ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كاندا پیاده‌ی ده‌كرد.

له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ عێراقه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 3 هه‌زار ڕوفاتی‌ ئه‌نفالكراوان له‌ سه‌ماوه‌ و حه‌مرین و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و دیوانیه‌ و حه‌زه‌ر هێنراونه‌ته‌وه‌ و له‌ مۆنۆمێنتی‌ ئه‌نفالكراوان له‌ چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمیان و دوكان و ناوچه‌ی‌ بادینان به‌خاك سپێردراونه‌ته‌وه‌.

13367 جار خوێندراوەتەوە