زیاتر لە بیست رۆژنامەنوس و میدیاكار، دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان لە كەناڵی ئێن ئاڕتی، رادەگەیەنن.
لە راگەیەنراوێكدا، زیاتر لە بیست رۆژنامەنووسی كەناڵی ئێن ئاڕتی رایانگەیاند: بەهۆی سووكایەتیكردنی لە ڕادەبەدەری جێگرو بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕ تی و خاوەنی كەناڵەكە بەرامبەر كارمەندەكان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی، بە كۆمەڵ بڕیاریانداوە دەستلەكار بكێشنەوە.
داواش دەكەن، سەندیكای ڕۆژنامەنوسان لەسەر ئەم بابەتە، بێتە دەنگ و ڕێگە نەدات بەو شێوەیە سوكایەتی بە ڕۆژنامەنووسان بكرێتو كار بكرێت لە ڕێگەی دەزگاكانی یاسادانانی ئەم وڵاتەوە، یاسایەك بۆ دیاریكردنی ماف و ئەركەكانی ڕۆژنامەنووس دەربكرێت، بەجۆرێك پارێزگاری لە شكۆی ڕۆژنامەنووسان بكات.
ئاماژە بەوەش دەكەن: خاوەن و بەرپرسانی كەناڵەكە، لەڕوی مەعنەوی و مادی و ماف و خزمەتگوزارییەوە، بێڕێزی و زوڵم لە كارمەندان و رۆژنامەنوسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەكەن.
لە كۆتاییدا، ئەو رۆژنامەنوسو میدیاكارانە داوادەكەن، سەرجەم ڕۆژنامەنووسان هاودەنگ بن بۆ هەمواری یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستاندا، بە شێوەیەك كە ماف و ئیمتیازاتی ڕۆژنامەنوسانی تێدا پارێزراو بێت.
دهقی نامهی دهستلهكاركێشانهوه
كارمهندانی ئێن ئاڕ تی
بەناوی خودا..
بۆ بەڕێزان (سەندیکای ڕۆژنامەنوسان، پەرلەمانی
کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕای گشتی)
بابەت: دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ
ئێمە وەک ژمارەیەک کارمەندی کەناڵی ئێن ئاڕ
تی لە ژووری هەواڵ کە لە چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازی وەک (جێگری بەرپرسی ژووری هەواڵ
و ژمارەیەک سەرنوسەر لە تی ڤی و دیجیتاڵ میدیا و ئێکس وای زێد و چەندین هەواڵ ساز)
بەهۆکاری سووکایەتی کردنی لەڕادەبەدەری بەڕێوەبەر و جێگری کەناڵی ئێن ئاڕ تی و خاوەنی
کەناڵەکە بەرامبەر کارمەندەکان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی، بە دەستەجەمعی بڕیارمانداوە
دەستلەکاربکێشینەوە.
وە لێرەوە داواکارین سەندیکای ڕۆژنامەنوسان
لەسەر ئەم بابەتە بێتە دەنگ و ڕێگە نەدات بەم شێوەیە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان
بکرێت، وە کار بکرێت لە ڕێگەی دەزگاکانی یاسادانانی ئەم وڵاتەوە یاسایەک بۆ دیاریکردنی
ماف و ئەرکەکانی ڕۆژنامەنووس دەربکرێت کە پارێزگاری لە شکۆی ڕۆژنامەنووسان بکات.
دەمانەوێت ئەوە ڕوونبکەینەوە بەرپرسانی
دامەزراوەی میدیایی نالیا و ئێن ئاڕ تی و خاوەنەکەی چۆن سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان
دەکەن:
١. لە ڕووی مەعنەوییەوە: بەداخەوە لەو کەناڵەدا هیچ ڕێزێک
بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی نییە و ئیستغلالی بارودۆخی خراپی ئابوری کارمەندەکان دەکەن بە
هەموو شێوەیەک، سەرباری ئەوەی زۆرترین کاریان پێ دەکرێت بەڵام هیچ دەستخۆشی و ڕێز
و شکۆیەک لە لایەن بەرپرسانی ئەو کەناڵەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دانانرێت.
٢. لە ڕووی مادییەوە: بە هیچ شێوەیەک کەناڵی ئێن ئاڕ
تی پابەند نەبووە و نابێت بەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کارمەندەکانی کردووە، جگە لەوەی
٣٠٪ موچەکانی بڕیون، ساڵانه هیچ بڕە پارەیەک وەک ئەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە بۆ
کارمەندەکان خەرج ناکرێت و سەرباری ئەوەش لە بچووکترین هەڵەدا کارمەندەکان سزای
مادی دەدرێن و ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو کەناڵە هەمان ڕەخنە لە حکومەت و حزبەکانی دیکە
دەگرێت.
٣. لە ڕووی ماف و خزمەتگوزارییەوە: بەداخەوە بەرپرسان
و ئیدارەی ئەو کەناڵە تەنانەت ئاوی خواردنەوە بەڕێکوپێکی بۆ کارمەندەکانیان دابین
ناکەن و چەندین جار کارمەند لە دەرەوە ئاوی خواردنەوەی بردووە، جگە لە نەبوونی
خواردن و شوێنی حەوانەوەی کارمەندەکان، کە بە پێی یاسا بەرکارەکان دەبێ هەبێت و دەیان
کەموکورتی تر کە ناکرێت سەرجەمیان لێرەدا باس بکرێت.
لە کۆتاییدا داواکارین لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسان
کە هاودەنگبن بۆ هەمواری یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەک
کە ماف و ئیمتیازاتی ڕۆژنامەنوسانی تێدا پارێزراو بێت.
14968 جار خوێندراوەتەوە