ڕۆناڵدۆ لە کەیسێکی "دەستدرێژی سێکسی" لە ئەمریکا ڕزگاری دەبێت

06:07 - 23/07/2019
وەرزش

دادوەرانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنن کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی یوڤانتوس، لەسەر ئەو کەیسەی لەسەری بوو، کە گوایە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کچێکی ئەمریکی دادگایی ناکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر کەسێک بەناوی کاترین مایورگای ٣٢ ساڵ ڕایگەیاندبوو کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ لە هۆتێلێک لە لاسڤیگاس دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.

بابەتی دەستدرێژی سێکسی ڕۆناڵدۆ لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠ کە ئەوکات ڕاگەیاندنەکان ئاشکرایان کرد کاترین و ڕۆناڵدۆ لەدەرەوەی دادگا کێشەکەیان یەکلایی کردووەتەوە.

ئەم کەیسە ساڵی ڕابردوو دیسانەوە لەلایەن کاترین مایورگاوە جوڵێندرایەوە و باسلەوەکرا کە پێویستە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دادگای بکرێت.

دادوەران لە لاسڤیگاس ڕایانگەیاندووە ئەوان بەڵگەی پێویستیان نییە بۆ سەلماندنی کەیسەکە و لەبەر ئەوە ڕۆناڵدۆ لە کەیسەکە ڕزگاری دەبێت.

ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەی شپیگڵی ئەڵمانی بڵاویکردبوویەوە کە ساڵی ٢٠١٠ کاترینی ٣٢ ساڵ لەبەرامبەر ٣٧٥ هەزار دۆلار ئامادەبووە لەو کەیسە بێدەنگ بێت.

1312 جار خوێندراوەتەوە