سروشتی جوانی هاوینەهەواری پرژێ‌

03:19 - 22/07/2019
گەلەری

هاوینەهەواری پرژێ‌ كە دەكەوێتە دامێنی چیای سەكران لە ناوچەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە یەكێك لە خۆشترین هاوینەهەوارەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و بە درێژایی وەرزی هاوین بەفری تیادا دەمێنێتەوە. 


هاوینەهەواری پرژێ‌ بە هۆی هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە و زۆری بەفر بارین تیایدا كە بە درێژایی وەرزی هاوین دەمێنێتەوە، وای كردووە ببێتە هاوینەهەوارێكی دڵرفێن و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی بكەن. 

 

لەئێستادا كە پلەکانی گەرما گەیشتووەتە پلەیەكی بەرز و لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان لە سەروو 45 پلەی سیلیزییەوەیە و هاوڵاتییان بەدەست بەرزی پلەی گەرماوە هەراسان بوون، بەڵام لەم ناوچەیەدا تا ئێستا بەفر ماوە و نزمترین پلەی گەرمی هەیە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێم. 

 

چیای بڵند و بەفر و ئەو ئاوە سازگارەی بە هۆی توانەوەی بەفرەكەوە بە ناوچەكەدا دەڕوات و هاژەی دێت، دیمەنێكی زۆر ناوازە و جوانی بەم هاوینەهەوارە بەخشیوە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە سەردانی دەكەن. 

 

بەڵام ئەوەی دانیشتوانی ناوچەكە و گەشتیارانیشی نیگەران كردووە، سەختی رێگای گەیشتن بە هاوینەهەوارەكەیە كە بۆ گەیشتن بەسەرەوە پێویستە ماوەیەكی زۆر بە پیادە رێگا ببڕن، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەن خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هاوینەهەوارەكە و رێگای هاتوچۆ بۆ پرژێ‌ ئاسان بكات. 

908 جار خوێندراوەتەوە