عه‌دنان ئۆكتار رووبه‌ڕووی چه‌ندین تۆمه‌تی تر كرایه‌وه‌

11:32 - 22/07/2019
هەمەڕەنگ

كارێكی تری ئابڕوبه‌ری عەدنان ئۆکتار ناسراو بە هارون یەحیا ئاشکرا دەبێت و لەوبارەوە دادگای باڵای تاوانەکانی تورکیا، کۆمەڵێک تۆمه‌تی دیکەی ئاڕاستە دەکات.

 

عەدنان ئۆکتار کەسایەتی ناسراوی تورکیا، کە خۆی بە بانگخوازێکی ئاینی دەناسێنێت و هەمیشە کۆمەڵێک کچی شۆخ و شەنگ باڵا رێک لە گەڵیدا دەژین و ناوبانگێکی زۆری پێیان پەیداکردوە، بەڵام بەتۆمەتی جیایا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌و وڵاته‌وه‌ دەستگیرکراوە و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی و ئه‌و باڵه‌خانه‌ی به‌كاری ده‌هێنان بۆ كاره‌ نایاساییه‌كانی خۆی ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا.

 

 

لەنوێترین زانیاریدا دەرکەوتوە، له‌كۆی 226 کچ كه‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ عەدنان ئۆکتار ده‌رده‌كه‌وتن 171 كه‌سیان دەستگیرکراون.

 

پاش بەدواداچوونەکانی دەزگا ئەمنییەکان، ده‌ركه‌وتوه‌ 125 کچ بەتۆمەتی لێدان و سزادانی قورس سکاڵایان لە دژی ئۆکتار تۆمارکردوە، بەڵام 25 یان سکاڵاکەیان کشاندووه‌ته‌وه‌.

لەو تۆمەتانەی دادگای باڵای تاوانەکانی تورکیا ئاڕاستەی عەدنان ئۆکتاری کردوە، سیخوڕیکردن و بونیادنانی باندێکی مافیای تاوان و دەستدرێژی سێکسی و بەرتیل و سەرپێچی یاسایی و تەزویرکردن و تاوانی کوشتن لەگەڵ باندی چەکدار.

 

عەدنان ئۆکتار كه‌ دامه‌زرێنه‌ری کەناڵی A9 و تێیدا لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی شۆخ و شه‌نگ و نیمچه‌ڕوت داده‌نیشت و ئامۆژگاری ده‌كردن و پاشان ده‌ستیان ده‌كرد به‌ سه‌ماكردن، لەساڵی 2018 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچانی منداڵ و رفاندن و دروستکردنی باندی تاوان و ئه‌نجامدانی سیخوڕیی دەستگیرکرا.

 

 

گوڵگون گوکتان، یەکێک لەو کچانەی کە هەمیشە لەگەڵ ئۆکتاردابوو، دەڵێت: "بەردەوام رووبەرووی سزاو لێدان بۆتەوە لەلایەن عەدنان ئۆکتارەوە".

 

گوڵگون ئاشكراشیكردووه‌؛ عەدنان ئۆکتار گرنگی زۆری بە رێژەی پلەی گەرمی شوێنی خه‌وه‌كه‌ی ده‌دا و دەبوایه‌ چەند خولەکێک پێش نووستن بە (موجەفیفە- قژ وشککەرەوە) جێگەکەی گەرمكرایه‌ته‌وه‌.

32286 جار خوێندراوەتەوە