توركیا؛ نۆ گەشتیارە كوردەكە ئازاد كران

07:34 - 19/07/2019
کوردستان

حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی  لەسەر دەستگیركردنی ژمارەیەك گەشتیاری كورد لە توركیا بڵاوكردەوە
حكومەتی هەرێم: ئاڵای هەرێمی كوردستان ئاڵایەكی دەستورییە لە عێراقدا
پەرلەمانی كوردستان: ئیدانە هەر جۆرە رەگەزپەرستییەك دەكەین كە بەرامبەر گەشتیاری كورد كراوە


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: نۆ گەشتیارە كوردەكە لە توركیا، ئازاد كراون، حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستانیش ئیدانەی هێرشكردنە سەر گەشتیارە كوردەكانیان كرد لە توركیا.


سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: نۆ گەشتیارە كوردەكە كە لەسەر وێنەگرتن بە ئاڵای كوردستانەوە لە توركیا، پەلامار دران‌و دەستگیركران، ئازاد كراون.

پێشتریش وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەسەر روداوی پەلاماردان و دەستگیركردنی ژمارەیەك گەشتیاری كورد لە توركیا، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد: ئاڵای هەرێمی كوردستان، ئاڵایەكی دەستورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆكەخانەكان و هۆڵەكانی پێشوازی لە توركیا، دانراوە بۆ پێشوازی لە شاندەكانی هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە: سەرۆكی حكومەت، وێڕای نیگەرانیی لە روداوەكە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی راسپاردوە، لەگەڵ بەرپرسانی توركیا قسە بكەن بۆ ئەوەی بە زوترین كات ئەو گەشتیارانە، ئازاد بكرێن.

هاوكات لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندیی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئیدانەی هەر جۆرە رەگەز پەرستییەك دەكەن كە لە لایەن هەندێك لە هاوڵاتیانی توركیا بەرامبەر بە گەشتیارانی كوردستان كراوە.

2427 جار خوێندراوەتەوە