نەتەوە یەكگرتووەكان داوای بەهاناوەچوونی منداڵانی ناو كەمپی ئاوارەكانی سوریا دەكات

09:22 - 18/07/2019
جیهان

نەتەوە یەكگرتووەكان: 70 هەزار كەس لە كەمپی هۆل دەژین

لە ئێستادا زیاتر لە 30 هەزار منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ لە كەمپێكی ئاوارەكانی سوریادا دەژین, كە بەهۆی شەڕی داعشەوە ناوچەكانیان جێهێشتووە. نێردراوێكی نەتەوە یەكگرتووەكان-یش هۆشداری دەدات لەوەی كە گەشەكردنی بیری توندڕەوی لەناو ئەو منداڵانەدا ئەگەرێكی زۆر بەهێزە و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات, كە لەم ڕووەوە هەنگاوی جددی بنێت.


ئێرە كەمپی هۆل-ە، كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاوە. لەم كەمپەدا 70 هەزار ئاوارەی شەڕی دژ بە داعش دەژین. بەپێی خەمڵاندنێكی رێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، ژن و منداڵ رێژەی %90ی دانیشتوانی كەمپەكە پێكدەهێنن.

نزیكەی 20 هەزار منداڵی سوری لە كەمپەكەدا دەژین و منداڵانی دیكەی ناو كەمپەكە بیانین، كە لە نێویاندا 9 هەزار منداڵی عێراقی هەن.

زۆرێك لە دانیشتوانی كەمپی هۆل، ئەو خێزانانەن كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵهاتوون. ئەوەی لێرەدا جێی مەترسییە ئەوەیە كە بەشێك لەو خانەوادانە تاكو ئێستا پشتیوانی داعش-ن و لەناو كەمپەكەدا ژیان بەسەردەبەن.

بەپێی وتەی فران ئیكویزا، نێردراوی یونیسێفی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان,  دۆخی ژیان لە ناو كەمپەكەدا زۆر سەختە و ئاسان نییە، كە مرۆڤ بتوانێت تیایدا ژیان بەسەر بەرێت.

ناوبراو هۆشدارییدا لەوەی، دۆخی كەمپەكە بەجۆرێكە، كە ئەگەر منداڵەكان هەر لەوێدا بهێڵدرێنەوە، ئەوا سەرە‌ڕای تەواوی هەوڵەكان چاوەڕوان ناكرێت ژیانی گەنجیی ئەو منداڵانە دوور بێت لە توندوتیژی، هەربۆیە تاكو زووتر منداڵەكان ئەو ژینگەیە جێبهێڵن، ئەگەری سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ دوورخستنەوەیان لە بیری توندڕەوی زیاتر دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی كە پێداویستیی سەرەكیی ئاوارەكان بریتییە لە دابینكردنی شوێنی مانەوە و خۆراك و تەندروستی، رێكخراوی یونیسێفی نەتەوەیەكگرتووەكان تەئكید دەكاتەوە لەوەی كە دابینكردنی كەشێكی پەروەردەیی لەبار بۆ منداڵانی ناو كەمپی ئاوارەكان گرنگییەكی بنچینەیی بۆ دوورخستنەوەی بیری توندڕەوی هەیە لە داهاتوودا.

235 جار خوێندراوەتەوە