ئێس 400 توركیای له‌ ئێف 35 بێبه‌شكرد

09:07 - 18/07/2019
جیهان

توركیا و فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی
فڕۆكەی ئێف 35, نەوەی پێنجەمی فڕۆكەی شەڕكەر
فڕۆكەی سەربازی ئێف 35 بەهێزترین فڕۆكەی شەڕكەری سەردەم
كڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ی ڕوسی و بێبەشكردنی توركیا لە فڕۆكەی ئێف
35

فڕۆكەی ئێف 35ی شەڕكەر, كە بەرهەمهێنەری سەرەكی وڵاتی ئەمریكایە, بەبەهێزترین جۆری فڕۆكەی جەنگی سەردەم دادەنرێت, و ناوی نەوەی پێنجەمی فڕۆكەی شەڕكەری لێنراوە, لە ئێستادا نۆ وڵات بەشدارن لە پرۆژەی بەرهەمهێنانیدا و لەهەمان كاتدا دەتوانن لە خزمەتە سەربازییەكانی خۆیاندا بەكاری بهێنن. ئیسرائیل-یش تەنها وڵاتە كە ئەو جۆرە فڕۆكەی پێدەفرۆشرێت و توانای بەكارهێنانی هەیە.

هەرچەندە بڕیاربوو, بە فرۆشتنی نزیكەی 100 فڕكەی ئێف 35 لەلایەن ئەمریكاوە بە توركیا, ئەو وڵاتەش ببێتە یەكێك لە وڵاتە بەكارهێنەرەكانی ئەو داهێنانە سەربازیە پێشكەوتوە, بەڵام بەكڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ی ڕوسی, ئەمریكای لە فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆكەیە بە توركیا, پاشگەز كردەوە.

فڕۆكەی ئێف 35, كە نەوەی پێنجەمی فڕۆكەی شەڕكەرە, سەرەتای دەستپێكردنی ئەو پرۆژەیە, دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996 , و ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكەیە, بەدەستهێنانی فڕۆكەیەك بوە كە چوار هێندەی فڕۆكە جەنگییەكانی دیكە, بەهێزتر بێت لە مەیدانی شەڕی ئاسمانیدا, و هەشت هێندەش بەهێزتر بێت بۆ هێرشی زەمینی, و سێ‌ هێندەی دیكەش بەهێزتر بێت لە دۆزینەوە و دیاریكردن و پێكانی ئامانجەكە و بەرگری ئاسمانی, هەروەها كەمترین دەركەوتنی هەبێت لەلایەن ڕادارە ئاسمانیەكانەوە, واتە دۆزینەوەی مەحاڵ بێت لەلایەن ڕاداری لایەنە ڕكابەرەكانیەوە.
 
لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی ئێف 35 , نۆ وڵات بەشدارن كە پێكهاتون لە ( ئەمریكا, بەریتانیا, كەنەدا, ئوسترالیا, ئیتالیا, هۆڵەندا, نەرویج, دانیمارك, توركیا )
ئەم وڵاتانە جگە لەوەی بەرهەمهێنەری ئەم نەوەی فڕۆكە شەڕكەرەن, هاوكات دەبن بەیەكەم بەكارهێنەری ئەو فڕۆكەیە.

جگە لەو وڵاتانەش ئیسرائیل, یەكەم وڵاتە كە ئەو فڕۆكەیەی پێ دەفرۆشرێت و دەتوانێت بەكاری بهێنێت.

ئاستی بەشداری كردنی توركیا, لە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی ئێف 35 دا:
لەلایەن 10 كۆمپانیای توركیەوە نزیكەی 900 پارچەی فڕۆكەی ئێف 35 بەرهەم دەهێندرێت.

بەتەنها لە ساڵی 2018دا ئەو 10 كۆمپانیا توركیە, بەبەهای 700 ملیۆن دۆلار, پارچەی فڕۆكەی ئێف 35یان دروستكردوە.

قۆناغی دەركردنی توركیا, لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئێف 35 , هەتا مانگی ئازاری ساڵی 2020 دەخایەنێت و لەبەر دەركردنی ئەو وڵاتە لەو پرۆسەیە, چاوەڕوان دەكرێت بەبەهای 500 بۆ 600 ملیۆن دۆلار زیان بە پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكەیە, بكەوێت.

جگە لەوەش بە ملیاران دۆلار زیان بەو كۆمپانیا توركیانە دەكەوێت كە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی فڕۆكەكەدا.

هۆكاری دەكردنی توركیا, لە پرۆژەی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی فڕۆكەی ئێف 35 :
سەرەكیترین هۆكار, كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400 ی ڕوسییە, لەلایەن ئەو وڵاتەوە, كە ئەمریكا خوازیار نیە, فڕۆكەی ئێف 35 و سیستەمی بەرگری ئێس 400ی ڕوسی لەهەمان شوێن و لەلایەنهەمان وڵاتەوە بەكاربهێندرێت.

لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیای دیار نەبونی فڕۆكەی ئێف 35 , لەلایەن ڕادارەكانەوە, لە سیستەمی ئێس 400دا تۆمار بكرێت, ئەوا ڕاستەوخۆ پرۆژەی چەندین ساڵەی فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی, كە بەهێزترین پرۆژەی فڕۆكەی شەڕكەری ئەو وڵاتەیە, لە داهاتودا دەكەوێتە بەر هەڕەشەی شكستهێنان و لەناوچون, بەجۆرێكی تر, ملیارێك و 500 ترلیۆن دۆلار, كە تائێستا لە پرۆژە و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكەیەدا خەرج كراوە, بەفیڕۆ دەچێت.

زیانە سەربازییەكانی توركیا:
وەك هاوبەشێك, بەشداریكردنی توركیا, لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی ئێف 35دا , ئەو وڵاتە لە جیهان و لەناو وڵاتانی ناتۆدا, بەتایبەتیش لە بواری هێزی ئاسمانیدا بەرەو پێش دەبرد, لەبەر ئەوەی بڕیاربوو, نزیكەی 100 فڕۆكەی ئێف  ,35 ڕادەستی توركیا بكرایە.

دوای بڕیاری ڕادەست نەكردنی, ئەو فڕۆكەیە بە توركیا, هەرچەندە ئەو وڵاتە هێزێكی كاریگەری ناو وڵاتانی ناتۆیە, لە ڕووی سەربازیەوە, بەڵام ناتوانێت بەشداری چەندین مانۆڕی سەربازیی داهاتووی وڵاتانی ناتۆ بكات, كە بریاربوو بەبەشداری فڕۆكەی سەربازی شەڕكەری ئێف 35 بەڕێوە بچێت, ئەوەش كاریگەری گەورە و نەرێنی دەبێت لەسەر هێزی سەربازی توركیا لەناو ناتۆدا.

624 جار خوێندراوەتەوە