ورده‌كاری روداوی تەقەكردن لەناو رێستۆرانته‌كه‌ی هه‌ولێر

08:24 - 17/07/2019
کوردستان

هەولێر: لە روداوەكەدا جێگری كونسوڵخانەی توركیا و هاوڵاتیەك كوژراو یەكێكی تریش بریندار بوو

لەروداوێكی تەقەكردن لە ناو رێستۆرانتێكی شاری هەولێر دیبلۆماتێكی كۆنسوڵخانەی توركیا ‌و هاوڵاتێكی هەرێم  كوژرانو كەسێكیش برینداربوو، سەرۆكایەتی هەرێًم‌و حكومەت‌و پەرلەمان رایدەگەیەنن لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەستپێكردوەو هەمو هەوڵەكان خراونەتەگەڕ بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەران، توركیاش دەڵێت لەپەیوەندیدان لەگەڵا حكومەتی عێراق‌و هەرێم‌و  بۆ دەستگیركردنی تەقەكەرەكان.


دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە رووداوێكی تەقەكردندا لە رێستۆرانتی هۆكباز كە ستایلی توركیەو دەكەوێتە ناو پرۆژەی ئەمپایەر جێگری كونسوڵی توركیا لە هەولێر و دوو كەسی دیكە كوژران و یەكێكی دیكەش برینداربوو، راستەوخۆ دوای رووداوەكە سەرجەم بازگەكانی شاری هەولێر داخران و هێزی دژە تیرۆر و دەزگای پاراستن بەمەبەستی پاراستنی باڵەخانەی كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەولێر بڵاوبونەوە.

سەرچاوەیەك لە دەزگا ئەمنیەكانی شاری هەولێر بە KNN راگەیاند دەمەقاڵی لەنێوان ستافەكەی كونسوڵخانەی توركیا و چەند كەسێكی مێزی تەنیشت لەوان بووە لەكاتی نانخواردنی نیوەڕۆ لەئەنجامدا تەقەیان لەیەكتر كردووەو تاكو ئێستاش هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا سەڕەڕای نیگەرانیان لەرووداوەكە كوژرانی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و برینداربوونی هاوڵاتیەكی راگەیاند و سەرجەم دبلۆماتكارانی بیانیش لەهەولێر دڵنیا دەكاتەوە لەئارامی ئاسایشی شارەكە.

لەلایەكی ترەوە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە كە لەرووداوەكەدا سێ‌ كەس كوژراون و یەكێكیان جێگری كونسوڵە.

لای خۆشیەوە دیار دەنیز بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە كەی ئێن ئێنی راگەیاند كە پەكەكە هیچ پەیوەندییەكی بەم هێرشەوە نییەو ئەوانیش لە میدیاكانەوە هەواڵیان پێگەیشتووەو بەرپرس نین لەم رووداوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێم لە پەیوەندیداین بۆ دەستگیركردنی تەقەكەرەكان.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ڕایگەیاند،‌هەوڵەكانیان درێژەی هەیە لە رێگەی بەرپرسانی عێراق و لێپرسراوانی ناوخۆییەوە‌بۆ بەزووی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە.

لەلایەكی ترەوە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغدا ئیدانەی هێرش بۆسەر كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر و پیشتیوانی خۆشی نیشاندان بۆ پاراستنی سەلامەتی دبلۆماتكارانی بیانی نێردە دبلۆماسیەكان لە تەواوی عیراقدا.

وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش لە راگەیاندراوێكدا سەڕەڕای هاوخەمی بۆ رووداوەكە دەربڕی ئەوەشی راگەیاند كە ئەم جۆرەكارانە كاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندیەكانی ئەنكەرە و بەغدا و بەدواداچوونیش بۆ هۆكاری رووداوەكە دەكەن.

سەرۆكایەتی هەرێم ‌و پەرلەمان ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسێ‌ راگەیاندراوی جیادا  سەرەخۆشی لە كەسوكاری كارمەندەكەی كونسوڵخانەی توركیا دەكەن  رایدەگەیەنن لاپەنەپەیوەندیدارەكان خەریكی لێكۆڵنیەوەو بەدواداچوونی جددین بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران و بەسزا گەیاندنی یاسایین .

نەریمان وەسمان ئاغای جوندیان یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی لەرووداوەكەی رێستۆرانتەكە كوژراوەو بەشدار رەمەزان ساڵح ئەو بریندارەیە لەبەشی چڕی چاودێری پزیشكیدایە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە.

9795 جار خوێندراوەتەوە