یەكێتی ئەوروپا كۆمەڵێك سزای بەسەر توركیادا سەپاند

07:40 - 16/07/2019
جیهان

بەهۆی پرسی گەڕان بەدوای غازی سروشتیی پەیوەندیەكانی توركیاو یەكێتی ئەوروپا تێكچوو    

بەهۆی لاساریی دەسەڵاتدارانی توركیاو گوێنەدان بەهۆشدارییەكانی سەرانی ئەوروپا لەبارەی گەڕان بەدوای غازی سروشتیی لەدەریای ناوەڕاست و نزیك كەناراوەكانی قوبرس. یەكێتی ئەوروپا كۆمەڵێك سزای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند. ئەوەش هێندەی دیكە بڕسكی لەدەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بڕیوەو كێشە نێوخۆیی و ئابورییەكانی ئەو وڵاتە, هێندەی دیكە قوڵتر دەكاتەوە.


چاودێرانیش پێیان وایە. بەهۆی سەركێشیی دەسەڵاتدارانی توركیاو وەستانەوە بەڕووی واشنتۆن و ئەوروپیەكانداو پێچەوانە مامەڵەكردن لەبەرامبەر سیاسەتەكانیان. دەبێت لەچاوەڕوانیی سزای توندتردا بێت.

لەكاتێكدا توركیا لەچاوەڕوانیی پەرچەكردارو سزای واشنتۆنە لەبەرامبەر لاساریی و گوێپێنەدانی هۆشدارییەكانی پێشووی ئەمریكاو كڕینی سیستەمی بەرگریی موشەكی ئێس 400ی روسی. لەهەنگاوێكی چاوەڕوانە نەكراودا, ئەوروپیەكان بەتوندی بەڕووی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەدا وەستانەوەو كۆمەڵیك سزایان بەسەر توركیادا سەپاند.

ماوەیەكە توركیا بێ گوێدانە هیچ هۆشداریی و پرەنسیپێكی كاری نێودەوڵەتیی گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتیەكاندا. دەستیكردووە بەگەڕان بەدوای غازی سروشتیی لەكەناراوەكانی قوبرسدا كەوڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپایە.

یەكێتی ئەوروپا بەهۆی بێ هیوابونی لەدەسەڵاتدارانی توركیاو گوێ نەگرتن لەهۆشداریی ئەوروپیەكان لەو پرسەدا. وەڵامی لاسارییەكانی توركیای بەكۆمەڵێك سزا دایەوە.

یەكێتی ئەوروپا بڕیاریدا گفتوگۆكانی تایبەت بە گواستنەوەی ئاسمانی لەگەڵ توركیا هەڵپەسێرێت. هەروەها كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هاوبەشی نێوان ئەوروپا‌و توركیاو سەرجەم گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا  لەسەر ئاستی باڵا, هەڵپەسێرێت.

یەكێتی ئەوروپا رەزامەندیی لەسەر ئەو پێشنیازەشدا كەهاوكارییە داراییەكانی ئەوروپا بۆ توركیا لەساڵی 2020دا كەمبكرێنەوە. كەپێدەچێت ئاستی كەمكردنەوەكە بگاتە 146 ملیۆن دۆلار. داوا لەبانكی وەبەرهێنانی ئەوروپاش كرا پیاچونەوە بكات بەو قەرزانەی وەك پشتیوانیی دارایی دەدرێن بەتوركیا.

لەوەڵامی سزاكانی ئەوروپا. مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەردانەكەی بۆ مەسەدۆنیای باكور رایگەیاند, بەم زووانە كەشتیی چوارەم دەنێرن بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. بۆ ئەوەی چالاكیەكانیان زیاتر بكەن بۆ گەڕان بەدوای غازی سروشتیی.  

وەزارەتی دەرەوەی توركیاش لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند, ئەو سزایانەی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەسەریاندا سەپێنراون، نابنە رێگر لە بەردەم پرۆسەی گەڕان بەدوای غازدا لەدەریای ناوەڕاست. ئەوەش پێ دەچێت هێندەی دیكە دۆخەكە ئاڵۆرزتر بكات و پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو ئەوروپیەكان خراپتر بكات.

3389 جار خوێندراوەتەوە