به‌غدا: ئاگر له‌ كۆگایه‌كی سندوقه‌كانی ده‌نگدان كه‌وته‌وه‌ -نوێكراوه‌ته‌وه‌

04:18 - 10/06/2018
عێراق

راسته‌وخۆ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا رایگه‌یاند: ئاگره‌كه‌ له‌و كۆگایه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ئامێره‌ ئه‌لكترۆنی‌ و به‌ڵگه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ تێدایه‌.

 

كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی كۆگای كۆسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی ئێراق له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا 9 دادوه‌ریی به‌پێی یاسا راسپارد بۆئه‌وه‌ی ده‌ستبكه‌ن به‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بكه‌ن.

 

سه‌عد مه‌عن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌به‌رده‌م كۆگا سوتاوه‌كه‌دا وتی؛ ده‌نگه‌كان له‌ چوار كۆگادا هه‌ڵگیراون، ئاگره‌كه‌ ته‌نها یه‌ك كۆگای گرتوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ پارێزراون و تیمه‌كانیش سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ن و زۆرینه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ سێ كۆگا پارێزراوه‌كه‌دا هه‌گیراون.

 

وته‌بێژه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ له‌و كۆگایه‌دا چه‌ند ئامێرێك و سندوقی ده‌نگدان و به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانی تێدایه‌ و له‌ ئاگره‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌ و به‌چاوی خۆیان بینیویانه‌ چه‌ند سندوقێكی ده‌نگدان ئاگریان تێبه‌ربووه‌.

 

كۆگاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی‌ ره‌سافه‌ی‌ به‌غدا و  تیمه‌كانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ هه‌وڵی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ئاگره‌كه‌ ده‌ده‌ن.

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق ئه‌و زانیارییه‌شی ئاشكراكردووه‌: ئه‌و سندوقانه‌ی‌ سوتاون ده‌نگه‌كانی‌ به‌ری‌ ره‌سافه‌ی‌ شاری‌ به‌غدان.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، به‌ری ره‌سافه‌ی به‌غدا زۆرتر دانیشتوانی شیعه‌ لێی داده‌نیشن و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ لیستی (ئائیرون)ی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در بوو.

به‌ڵام هێشتا زانیاری زیاتر نه‌خراوه‌ته‌ڕوو له‌باره‌ی چۆنێتی پارێزگاریكردن له‌و به‌ڵگه‌ و دۆكیومێنتانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌ڵبژاردنی ته‌واوی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن سه‌رجه‌م بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ست بژمێردرێته‌وه‌.

زانیاری زیاتر بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

8777 جار خوێندراوەتەوە