وەفدێكی باڵای فەڕەنسا بۆ پاراستنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە گەیشتە تاران

09:35 - 10/07/2019
جیهان

فەڕەنسا هەوڵی جددی بۆ پاراستنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەدات

وەفدێكی باڵای فەڕەنسا بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە تێپەڕاندنی چەند سنورێكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەلایەن ئێرانەوە، گەیشتە تاران.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێل بۆن، ڕاوێژكاری باڵای ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ عەلی شەمخانی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە كۆبوەوە.

بەرپرسانی فەڕەنسا ئاشكرایان كرد: ئامانج لە سەردانەكەی ناوبراو بۆ تاران، هەڵسەنگاندن و بەدەستهێنانی خواستی ئێرانە بۆ مانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەدا، هاوكات گەیاندنی نیگەرانییەكانی فەڕەنسا و یەكێتیی ئەوروپایە بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە تێپەڕاندنی بەشێك لە سنورەكانی رێككەوتنەكە لەلایەن تارانەوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێردراوەكەی فەڕەنسا، عەلی شەمخانی ڕایگەیاند: ئێران لە بڕیارەكانی بۆ زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ناكشێتەوە، تا تەواوی مافەكانی بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمیەكە بەدەست نەهێنێت.

لە دوای شەمخانی، ئیمانوێل بۆن، لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، كۆبوەوە و تاووتوێی رێگەچارەكانی تایبەت بە پاراستنی رێككەوتنە ئەتۆمیەكە كرد.

261 جار خوێندراوەتەوە