هاوپەیمانیی وەتەنییە: دەبێت كابینەی نوێ پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بدات

08:18 - 10/07/2019
عێراق

هاوپەیمانیی نەسر: كار بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانەی هەرێم‌و بەغدا ناكۆكن لەسەریان

چەندین پرسی گرنگ و هەستیارو جێی بایەخ لەسەر ئاستی نێوان هەرێم و بەغدا، چاوەڕوانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، تا بەجدیی و بە بەرنامەو كۆدەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەكان، كاریان لەسەر بكەن و هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێت، بۆ ئەوەی باروگوزەران و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بچێت و بەدوور بگیرێت لەكێشەو ململانێ سیاسیەكان و كاریگەریی و كاردانەوەی خراپی ئەو ناكۆكیانە.

فراكسیۆنە عەرەبیە جیاوازەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیان وایە، دەبێت كابینەی نوێ هەوڵی جدیی بدات بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەرێم.
 
گرنگترین و هەستیارترین ئەو دۆسیانەی لە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پرسی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە. لەسەر چەندین پرس و دۆسیەی گرنگی جێی بایەخ كە بە هەڵپەسێردراوی و چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بەپرسی نەوت و قوت و موچەو بودجەی هاوڵاتیانی هەرێم.

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی وەتەنیە پێی وایە، دەبێت كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندیە باڵاكانی خەڵكی كوردستان و باشتركردنی ژیانیان لەبەرچاو بگرێ و هەوڵبدات پەرە بە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بدات و چارەسەری ئەو پرسانە بكات كە كێشەو ئاڵۆزییان لەبارەوە هەیە.   

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسریش هیوادارە، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم خێرباتەوە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و كاری جدییش بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانەی كێشەو ناكۆكیی لەسەرە لەنێوان هەرێم و بەغدا.  

لەبارەی چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغداو رەواندنەوەی ناكۆكیەكانی رابردوو، ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی نەسر پێی وایە، دەبێت حكومەتی هەرێم، بەرژەوەندیی خەڵك بەدوور بگرێت لەكێشەو ناكۆكیە سیاسی و یاساییەكان، چونكە بێگومان هەر گرفتێكی لەو جۆرە رووبدات، ئەوا كاریگەریی خراپی لەسەر هاوڵاتییان و موچەخۆران و باری ژیان و وگوزەرانیان دەبێت.

ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان لەسەری كۆكن، چارەسەركردنی ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەیە كە بونەتە كێشەو ناكۆكی لەنێوان هەرێم و بەغداو دەستەبەركردنی ماف و داخوازیی و قوت و ژیانی خەڵكی كوردستانە بەپێی دەستور یاسا.

هەر ئەوەش مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی راگەیاندنی كارنامەی حكومەتەكەی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان جەختی لێكردەوە. لە ئەولەویەتی كارەكانی كابینەكەی، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداو چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولایە.

115 جار خوێندراوەتەوە