بەپەلە

دوو ساڵ بەسەر ئازادكردنەوەی موسڵ تێدەپەڕێت

06:39 - 10/07/2019
عێراق

تائێستا جەستەی كوژراوانی شەڕی داعش لە بەشێك لەژێر داروپەردوی شارەكە ماون
هاوڵاتییان نیگەرانن لە سستیی هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی موسڵ

 
دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ، بەڵام تائێستا لە رووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەوە بەشێكی زۆری شارەكە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە. وەك دانیشتوانی شارەكە ئاماژەی پێدەكەن، تەنانەت لە هەندێك ناوچەدا تەرمی كوژراوانی شەڕی داعش لەژێر داروپەردووی ماڵەكاندا ماوە.


بەشێكی مزگەوتی نور، كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 850 ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە، لەلایەن چەكدارانی  داعشەوە تەقێنرایەوە و تاكو ئێستا دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ئازادكردنی شارەكە، بە رووخاوی ماوەتەوە.

ئەم دۆخە تەنها بۆ بینا و باڵەخانە مێژووییەكانی موسڵ راست نییە، بەڵكو زۆرێك لە ناوچەكانی ئەو شارە تاكو ئێستا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكیان تێدا نییە تاكو هاوڵاتیان ژیانی تێدا دەستپێبكەنەوە.

ئەبو ئەشرەف دانیشتوویەكی بەشی رۆژئاوای موسڵە و باس لەلانەبردنی تەرمی كوژراوانی مەدەنی و چەكدارانی داعش دەكات لەژێر داروپەردووی بەشێك لە ناوچەكانی ئەو شارەدا.

لە ئۆپراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی موسڵدا زیاتر لە 138 هەزار بینا و باڵەخانەی ئەو شارە وێرانكران. لە ئێستاشدا هاوڵاتیان نیگەرانن لەوەی كە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شارەكە بە كرداری لەلایەن حكومەتەوە ئەنجام نەدراوە.

لە ساڵی 2014دا، چەكدارەكانی داعش هێرشێكیاندا  سەر موسڵ كە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە بە دووەم گەورەترین شاری عێراق ئەژمار دەكرێت. تەواوی شاری موسڵ لە 10ی تەموزی ساڵی 2017 كۆنترۆڵكرایەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی داعش هێنرا.

260 جار خوێندراوەتەوە