هەرێمی كوردستان؛ دوای نۆ مانگ كابینەی نۆیەمی حكومەت پێكهێنرا

06:33 - 10/07/2019
کوردستان

هەرێمی كوردستان؛ ئەولەویەتی كارەكانی حكومەت ئەنجامدانی چاكسازییە

دوای زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دواجار كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، پێكهێنرا و پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەكە بەخشی، ئەولەویەتی یەكەمی كارەكانی حكومەتیش، ئەنجامدانی چاكسازییە كە لەو پێناوە‌و لەگەڵ  رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بزوتنەووەی گۆڕان، رێككەوتنی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆ كرد.


دوای نزیكەی نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و رێككەونتی بەشێك لە حزبە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، پەرلەمان متمانەی بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا.

دوای سوێندخواردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان هێڵە گشتیەكانی كارنامەی حكومەتی خوێندنەوەو خاڵی یەكەمیش كە بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵ پارتی لەسەر كردبوو، چاكسازیە كە ئەولەویەتی یەكەمی ئەم حكومەتەیە.

خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكەی گۆڕان لەگەڵ پارتی ئەوەبوو كە هێزەكانی پێشمەرگە، یەك بخرێنەوەو بكرێنە هێزێكی نیشتمانی، ئەمەش یەكێك بوو لە خاڵەكانی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەت.

جگە لەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو، یەكەمین كۆبوونەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت، رۆژی پێنج شەممە كۆتا رۆژی ئەم هەفتەیە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی كوردستان، هەڵدەبژێدرێت و د.رێواز فایق لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو پۆستە وەردەگرێت بەپێی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیدا.

981 جار خوێندراوەتەوە