چاودێران: كابینەی هەشتەم دەیان كێشە و قەیرانی بۆ كابینەی نۆیەم جێهێشتوە

06:26 - 10/07/2019
کوردستان

چاودێران: كابینەی نۆیەم هەلی زۆری لەبەردەمدایە بۆ چاكسازیی راستەقینە
بزوتنەوەی گۆڕان بە مەرجی ئەنجامدانی چاكسازیی بەشداری لە حكومەت كردوە


بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن: كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەیان كێشەو گرفت و قەیرانی قوڵی بەدوای خۆیدا بەجێهێشتوەو چارەسەركردنیان ئاسان نابێت.


لەبەرامبەردا، بەشێكی دیكە لەچاودێران ئاماژە بەوەدەكەن، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵی زۆری لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی چاكسازی راستەقینە لەسەرجەم بوارەكاندا ئەنجامبدات، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە كابینەكەدا كردووە..

وەك ناڕەزایەتیەك بەرامبەر سیاسەتی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستاندا، بۆ یەكەمجار لەمێژوی هەڵبژاردن لە كوردستاندا، كەمترین رێژەی هاوڵاتیان بەشداریان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018دا كرد كە نەگەیشتە لە 59%.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك قەیران و كێشەو گرفتی گەورەی بۆ كابینەی نۆیەم جێهێشتووە، كە چارەسەركردنیان ئاسان نابێت..

یەكێك لەو كێشانە، كابینەی هەشتەم، زیاتر لە بیست ملیار دۆلار، قەرزی بۆ كابینەی نۆیەم جێهێشتووە.

هەروەها تەشەنەسەندنی گەندەڵی و ناشەفافیەت لەدام و دەزگاكاندا و نارونی لەدۆسیەی نەوت لەگرێبەست و داهات و خەرجییەكاندا.

كابینەی هەشتەم،  رێژەیەكی زۆری بێكاری و خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و خراپی جادەو رێگاو بانەكان و كێشەی كارەباو لاوازی كارو ئەدای دام و دەزگاكانی حكومەتی، بۆ كابینەی نۆیەم بەجێ هێشتووە.

لە سەردەمی كابینەی هەشتەمدا، بەرونی هەست دەكرا، بە سەروەرنەبونی یاسا و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری و نادادپەروەری و پێشێڵكردنی ماف و ئازادییەكان..
یەكێكی دیكە لەبەجێماوەكانی كابینەی هەشتەم، تائێستاش، بەشێكی هێزی پێشمەرگە بەسەر حزبدا دابەشبوە، و پرۆژە گەورەكانی وەبەرهێنانیش لەسەر بەرپرسەكانی یەكێتی و پارتی تاپۆكراون.

دۆخی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو كشتوكاڵ و پیشەسازی لەئاستێكی خراپدان و بەدەست دەیان كێشەو گرفتەوە دەناڵێنن..

 مێژوی كابینەی هەشت و كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە زانستی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بونی نەبوەو بۆتە كەرەستیەك بۆ خۆشگوزەرانی ژمارەیەك بەرپرسی حزب و كەسە نزیكەكانیان، بەو سیاسەتەش رۆژ بە رۆژ سەرئێشە و گرفتی زیاتریان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

لەبەرامبەردا، بەشێك لەچاودێران پێیانوایە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین هەلی لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی چاكسازی راستەقینە ئەنجامبدات و بەشێوەیەكی زانستیانە حكومەت بەڕێوە ببات.

لەوانە، شەڕی داعش كۆتایی هاتوەو پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵگیراوەو دۆخی دارایی تارادەیەك باش بوەو پەیوەندی نێوان هەولێر بەغداد بەرەو ئاسایی بونەوە هەنگاوی ناوە.

بزوتنەوەی گۆڕانیش بەمەرجی ئەنجامدانی چاكسازی هەمەلایەنە لەسەرجەم بوارەكاندا، بەشداری لەكابینەی نوێەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووە.

 

كابینەی هەشتەم، زیاتر لە بیست ملیار دۆلار، قەرزی بۆ كابینەی نۆیەم جێهێشتووە.
بەرزی رێژەی بێكاری و كەمی خزمەتگوزارییەكان
ناشەفاتی لەگرێبەست و داهات و خەرجی نەوتدا
خراپی و دواكەوتویی زۆربەی سێكتەرەكان لەهەرێمی كوردستاندا
بەشێكی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بەسەر حزبدا دابەشبوە
و پرۆژە گەورەكانی وەبەرهێنانیش لەسەر بەرپرسەكانی یەكێتی و پارتی تاپۆكراون
كابینەی نۆیەم هەلی ئەنجامدانی چاكسازی لەبەردەمدایە
شەڕی داعش كۆتایی هاتووە
پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بۆتەوە
108 جار خوێندراوەتەوە