كۆمپانیای جەنڕاڵ ئەلكتریك لەسێ مانگدا 125 مێگاوات كارەبای بۆ عێراق زیادكردوە

05:17 - 09/07/2019
ئابوری

وابڕیارە جەنڕاڵ ئەلكتریك لەم هاویندا 1800 مێگاوات لەناوچە جیاجیاكانی عێراق بەرهەم بێنێت

كۆمپانیای جەنڕاڵ ئەلكتریكی ئەمریكی لەماوەی سێ مانگدا  125 مێگاوات كارەبای بۆسەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی عێراق زیادكردوە.

مدحەت مورعەبی بەڕێوەبەری كۆمپانیای جەنڕاڵ ئەلكتریكی ئەمریكی بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، لەماوەی سێ مانگدا كۆمپانیاكەیان توانیویەتی بڕی 125 مێگاوات كارەبا بۆ سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی عێراق زیاد بكات، هەروەك لەو ماوەیەدا بزوێنەری وێستگەی كارەبای عەممارەیان گۆڕیوە كە بەتەكنەلۆژیانی ئێف 9 كار دەكات و توانای بەرهەمهێنانی 500 مێگاوانت كارەبای هەیە.

مورعەبی ئاماژەی بەوەشكردوە، تیمەكانیان بەبەردەوامی و لەدەروەی كاری ئاسایی خۆیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق كاردەكەن بۆئەوەی بتوانن لەكاتێكی دیاریكراودا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق بەرزبكەنەوە.

وابڕیارە كۆمپانیای جەنڕاڵ ئەلكتریك لەم وەرزەی هاویندا بڕی 1800 مێگاوات لەناوچە جیاجیاكانی عێراق بەرهەم بێنێت و تێكەڵ بەتۆڕی كارەبای نیشتمانی عێراق بكرێتەوە.

196 جار خوێندراوەتەوە