ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبردنی پۆستە بە وەكالەتەكانی درێژكردەوە

08:57 - 08/07/2019
عێراق

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێوەبردنی پۆستە بەوەكالەتەكانی، درێژ كردەوەو ئەوەش نیگەرانیی چەند كوتلەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لێكەوتەوە‌و دانیشتنەكەیان بەجێهێشت. ئەندامێكی هاوپەیمانی حیكمەش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ درێژكردنەوەی وادەی پۆستە بەوەكالەتەكان، بە كارەسات ناو دەبات و دەشڵێت: ئەوەی رویدا، خیانەت بوو لە گەل.

پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی پۆستە بەوەكالەتەكان دا كە زیاتر لە هەفتەیەك بوو بەپێی یاسا هیچ دەسەڵاتێكیان نەمابوو، پێویستە تاوەكو ٢٤/١٠ ئەمساڵ لایەنەكان كاندیدەكانیان پێشكەشی سەرۆك وەزیران بكەن و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.

لەكاردانەوەی درێژكردنەوەی ماوەی پۆستە بەوەكالەتەكاندا، هەر دوو كوتلەی حیكمە و  هاوپەیمانی نەسڕ، هەڵوێستیان وەرگرت و دانیشتنەكەیان بەجێهێشت.

 نزیكەی ٤٠٠ پۆستی پلە تایبەت پشكی هەرێمی كوردستانە‌و بەر لایەنە كوردستانیەكان دەكەوێت، بەڵام تائێستا هیچ كۆبوونەوەیەك لەسەر ئەم پرسە لە نێوانیاندا نەكراوە‌و پێویستە تا ٤ مانگی تر خۆیان یەكلا بكەنەوە و سیڤیی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی هەر لایەن و پشكی خۆی بەر بكەوێت.

لە عێراق زیاتر لە ٤ هەزار پۆستی پلە تایبەت كە پێكدێن لە بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و دەستە سەربەخۆكان، بەوەكالەت بەرێوەدەبردرێن لەو ژمارەیەش پێویستە ٧٠٠ یان لە پەرلەمانی عێراق دەستنیشان بكرێن، ئەوانەشی كە دەمێننەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە یەكلایان بكاتەوە.

89 جار خوێندراوەتەوە