عێراق؛ هۆشداریی دەدرێتە حكومەت لە ئەنجام نەدانی چاكسازیی

08:41 - 07/07/2019
عێراق

عێراق؛ لە بڕیاری تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی بە سوپا هۆشداریی بە عەبدولمەهدی دەدرێت
رەوتی حیكمە: ئەگەر حكومەت چاكسازی نەكات دەوامی فەرمانگەكان رادەگرین 


وتەبێژی نووسینگەی موقتەدا سەدر رایدەگەیەنێت: مانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، بەندە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەیەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشد و تێكەڵكردنی بە هێزە چەكدارەكان، سەركردەیەكی رەوتی حیكمەش ئاماژە بەوە دەكات: ئەگەر حكومەت چاكسازیی راستەقینە نەكات، لەڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە، دەوامی فەرمانگە و وەزارەتەكان ڕادەگرن.

جێبەجێكردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە، دوو پرسی گرنگ و یەكلاكەرەوەن، كە ئایندەی كابینەی حكومەتەكەی، عادل عەبدولمەهدییان پێوە گرێدراوە.

لەو بارەیەوە، سەلاح عوبێدی، وتەبێژی نوسینگەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی سەباح جەدیدی عێراق ڕایگەیاندوە: مانەوە یان نەمانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، پەیوەستە بە جێبەجێكردنی بڕیاری تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی بە سوپا یان هێزە چەكدارەكانی عێراق.

راشیگەیاند: ژمارەیەك لایەنی حەشد، ئامادە نین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، بۆیە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، لەسەر سەنگی مەحەكەو ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكات، ئەوا ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕەوتی سەدر ئاماژە بەوەش دەكات: تائێستا % 90ی نوسینگەو بارەگاكانی سەرایە سەلام، داخراون‌و تەنیا یەك دو بنكە نەبێت لەهەر پارێزگایەك كە هێشتا دانەخراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا، بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێكەڵكردنی بە سوپاو سیستمی بەرگری عێراق.

لەلایەكی دیكەوە، حەمید مەعلە، سەرۆكی دەستەی گشتی رەوتی حیكمە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر حكومەت هەنگاوەكانی چاكسازی دەست پێ نەكات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ نەكات، ڕەوتەكەیان بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم، خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەریی رادەگەیەنن و دەوامی فەرمانگە و وەزارەتەكان ڕادەگرن لە ڕێگەی مانگرتنەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، سیستمی سیاسی لەعێراقدا، ناچالاكە و یەكێك لە ئامانجەكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕەخنەگر بەهێزكردنی وڵات و دۆزینەوەی جێگرەوەی لاوازەكانە.

چەند هەفتەیەك پێش ئێستا، رەوتی حیكمە، ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد، بە وردی چاودێریی ئەداو بەرنامەو كارو پڕۆژەكانی حكومەت دەكات.

یەكێكی دیكە لە گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڕِێوەبردنی بە وەكالەتی پۆستەكانە كە خۆیان لە نزیكەی چوار هەزار پۆست دەدەن‌و چاودێرانیش پێیان وایە، ئەم كابینەیەی ئێستای حكومەتی عێراق، هیچی جیاواز نابێت لە كابینەكانی پێشتر، ئەگەر چارەسەری ئەو پرسانە نەكات.

172 جار خوێندراوەتەوە