عێراق؛ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەسەر سنوری سوریا دژ بە داعش ئەنجامدرا

07:04 - 07/07/2019
عێراق

عێراق؛ سوپا و چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و حەشدی عەشایەری ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا 
عادل عەبدولمەهدی: لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەركەوتنی یەكجارەكی بە دەست دەهێنین

هێزەكانی عێراق بە هاوبەشی لەسەر سنووری سووریا، ئۆپەراسیۆنێكیان دژبە ڕێكخراوی داعش ئەنجام داوە، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەڵێت: لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەركەوتنی یەكجارەكی بەدەست دەهێنن.

عەبدولئەمیر یارەلڵا، جێگری سەرۆكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنێك بە ناوی (ئیرادەی نەسر) لە سەر سنووری سوریا، دەستیپێكرد و ئامانج لێی، پاككردنەوەی رێگاكانی نێوان پارێزگاكانی سەڵاحەدین، موسڵ، ئەنبار و سنوورەكانی نێوان عێراق-سووریایە لە داعش.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، سوپا، حەشدی شەعبی‌و حەشدی عەشائیری، كە بریتییە لە هێزەكانی عەشیرەتە سوننییەكانی ناوچەكە، بەشدارن بە هاوكاریی هێزی ئاسمانیی عێراق و بە پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت و چەند رۆژێكیش دەخایەنێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەنراوێكدا وتی: لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەركەوتنی یەكجارەكی بە دەست دەهێنن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە بڕیارێك هێزەكانی حەشدی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئەو هێزانە دەبنە بەشێك لە سوپای عێراق.

219 جار خوێندراوەتەوە