لە تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی بە سوپا هۆشداریی بە عادل عەبدولمەهدی دەدرێت

04:26 - 07/07/2019
عێراق

سەلاح عوبێدی: مانەوەی كابینەكەی عەبدولمەهدی پەیوەستە بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەوە

وتەبێژی نوسینگەی موقتەدا سەدر ئاشكرای دەكات، مانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، پەیوەستە بەجێبەجێكردنی بڕیاری تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی بەهێزە چەكدارەكان.

سەلاح عوبێدی، وتەبێژی نوسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی سەدر لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی سەباح جەدیدی عێراق رایگەیاند: مانەوە یان نەمانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، پەیوەستە بە جێبەجێكردنی بڕیاری تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی بە سوپا یان هێزە چەكدارەكانی عێراق.

دەشڵێت: ژمارەیەك لایەنی حەشد ئامادە نین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، بۆیە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر سەنگی مەحەكەو ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكات ئەوا ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.

ئەو بەرپرسەی رەوتی سەدر ئاماژە بەوەش دەكات: تائێستا % 90ی نوسینگەو بارەگاكانی سەرایە سەلام داخراون، تەنیا یەك دوو بنكە نەبێت لە هەر پارێزگایەك، كە هێشتا دانەخراون.

رۆژی دووشەممەی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی بەبڕیارێك رایگەیاند: پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی تێكەڵ بە سوپا بكرێن بۆ ئەوەش 10 خاڵی دیاریكردبو، كە پێویستە جێبەجێ بكرێن.

976 جار خوێندراوەتەوە