هه‌ڵه‌بجه‌: "مانگا زه‌رده‌" چۆن دیارنه‌ما؟

11:40 - 04/07/2019
هەمەڕەنگ


شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیارده‌دات ئه‌و مانگایه‌ له‌ زیادكردنێكی ئاشكرادا بفرۆشرێت كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا ده‌ستی به‌سه‌رداگیرابوو به‌تۆمه‌تی تێكدانی سیمای شاره‌كه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی موشته‌رییه‌كان بگه‌نه‌ شوێنی موزایه‌ده‌كه‌، مانگاكه‌ دیارنامێنێت.

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، شاره‌وانی و قائیمقامیه‌تی مه‌ڵه‌به‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی دیارده‌ی ئاژه‌ڵدارییاندا له‌ناو شاردا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاگاداری ئاژه‌ڵداران و خاوه‌ن پڕۆژه‌ گاودارییه‌كانی ناچه‌كه‌كرابویه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و ده‌ست به‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌گیرێت كه‌ سه‌رپێچی ده‌كه‌ن، ئه‌و بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا و ئاماده‌ییان پێشاندا بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌ت.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ر ئاژه‌ڵێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، له‌ زیادكردنی ئاشكرادا ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی بۆ جوانكردنی شار به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا، "مانگا زه‌رده‌" چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێشی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ دروستكرد.

دیارده‌ی ئاژه‌ڵداری له‌ناو شاره‌كاندا جگه‌ له‌وه‌ی زیانی بۆ باخچه‌ و هه‌وڵه‌كانی سه‌وزكردنی بلوار و شه‌قامه‌كان هه‌یه‌، پاشه‌ڕۆ و پاشماوه‌كانیشی هێنده‌ی دیكه‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان پیس ده‌كات زیانی بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت و زۆرجار دێنه‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كان و روداوی هاتوچۆی دڵته‌زێنی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی شاره‌وانی و قائیمقامیه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌نگاوێكی بوێرانه‌بوو، له‌جێبه‌جێكردنیدا پێشی شاری سلێمانی دایه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ده‌روازه‌ی شاری سلێمانی و له‌بلواری شه‌قامی سه‌ره‌كی نێوان گه‌ڕه‌كی وڵوبه‌ و جاجی ئاوا هه‌روه‌ها له‌ بلواری نزیك گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین له‌ سلێمانی، كه‌ ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ ته‌رخانكرابوو، ئاژه‌ڵ به‌خێوده‌كرێت و هیچ ئیجرائاتێك له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كانیان نه‌كراوه‌ و "گوڵی جوان ده‌خۆن".

مانگا زه‌رده‌ كامه‌یه‌؟
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، له‌ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر مانگایه‌كدا (هه‌روه‌ك له‌ وێنه‌كه‌دا دیاره‌) به‌ ئاشكرا و هاوشێوه‌ی رۆژانی پێشوو له‌ناو بازاڕدا ده‌سوڕایه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن و پاشان ئائیمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی مانگاكه‌.

نوخشه‌ ناسیح، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ بڕیاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ رۆژی 2/7/2019 كاتژمێر 10ی پێشنیوه‌ڕۆ، زیادكردنێكی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی مانگاكه‌ سازده‌كرێت، هه‌ركه‌سێك خوازیاری كڕینێتی له‌كاتی دیاریكراودا له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌بێت.

ئیتر كڕیاره‌كان ده‌زانن "مانگا زه‌رده‌" له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تدایه‌ و پارێزراوه‌ له‌ شوێنێكی باشدا و پاسه‌وانی ده‌كرێت، له‌كاتی زیادكردنه‌ ئاشكراكه‌دا ده‌گه‌نه‌ شوێنی دیاریكراو، ده‌نگوباسیان بۆدێنن، كه‌ پێشتر "مانگا زه‌رده‌" دزراوه‌ و نازانرێت چی لێهاتووه‌ و كێ دزیویه‌تی.

ئێستا كه‌س نازانێت "مانگا زه‌رده‌" چی لێهاتوه‌ و به‌ره‌و كوێ فڕێنراوه‌، ئایا سه‌ربڕدراوه‌، یان گیای سه‌وز له‌ شوێنێكی دیكه‌ ده‌خوات، هه‌ر بۆیه‌ ئێستا "مانگا زه‌رده‌" هاوشێوه‌ی دزه‌كه‌ یاساغه‌ و له‌ده‌ستی یاسا هه‌ڵاتون و بێ سۆراخن.

7666 جار خوێندراوەتەوە