پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر دانانی كه‌سێك بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك رێكده‌كه‌ون

10:07 - 03/07/2019
کوردستان
ته‌یب جه‌بار- كاندیدی پێشنیاركراو بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك

دوێنی ئێواره‌ وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ KNNی راگه‌یاند: "دوای راوێژی وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی، دواجار ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی پێمان باشبوو، ئه‌م پرسه‌ چیتر درێژه‌ نه‌كێشێت و یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ناوی "ته‌یب جه‌بار" ئاراسته‌ی پارتی كراوه‌، كه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشترو له‌سه‌رده‌می دوو ئیداره‌یی بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیش ئه‌ندازیار بووه‌ له‌ شاره‌وانی سلێمانی، له‌ ئێستاشدا ئه‌ندازیاره‌ له‌ كۆمپانیای نۆكان.

 

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان KNNی راگه‌یاند: "دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو وه‌فدی دانوستانكاری پارتی وه‌ڵای یه‌كێتی داوه‌ته‌وه‌، كه‌ ره‌زامه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ی، كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌".

 

وتیشی، بریاریشه‌ له‌ 24 كاتژمێری داهاتوودا هه‌ردوو وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌و به‌ ره‌سمی رێككه‌وتن له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ رابگه‌یه‌نن، كه‌ له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.

 

 

22235 جار خوێندراوەتەوە