ئۆپیك رێككەوتنی كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت 9 مانگ درێژ دەكاتەوە

08:36 - 02/07/2019
ئابوری

ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، لەسەر بەردەوامبوونی كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان رێكدەكەون.

ئەلكسەندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی روسیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەندامانی رێكخراوی بەرهەمهێنەری نەوت، ئۆپیك، بەكۆی دەنگ رێككەوتن لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كەمكردنەوەی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان بۆ ماوەی 9 مانگی دیكە، تا مانگی چواری ساڵی 2020،بەتێكڕای یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.

راشیگەیاند، رێككەوتنی پێشوەختەی روسیا و سعودیە لەسەر بەردەوامبوون لەكەمكردنەوەی هەناردەی نەوت، كاریگەری هەبوو لەسەر ئەو بڕیارەی ئۆپیك.

وتیشی، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك و روسیا ئیمزایان كرد لەسەر پەیماننامەی هاریكاری درێژخایەن لەبازاڕی نەوتدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی رابردوودا، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، بەتایبەت سعودیە، پابەندی تەواوەتی رێككەوتنی كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت بوون بۆ بازاڕەكانی جیهان.

136 جار خوێندراوەتەوە