هونەرمەند مەزهەر خالقی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سنە

05:59 - 01/07/2019
هەمەڕەنگ

پارێزگاری کوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ڕایگەیاند کە کێشەی ڤیزای مامۆستا مەزهەر خالقی، هونەرمەندی ناسراو و ناوداری کورد چارەسەر بووە و دەگەڕێتەوە شاری سنە.

بەهمەن موراد نیا، پارێزگاری کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا راگه‌یاند: لەبەرئەوەی مامۆستا مەزهەری خالقی پاسپۆرتی عێراقی یان ئێرانی نەبووە و تەنیا پاسپۆرتی بریتانیایی هه‌بووە، کێشە بۆ دەرکردنی ڤیزاکەی سازبووە کە بە خۆشحاڵیەوە کێشەکە لە ئێران چارەسەربووە.

وتیشی: پێوشوێنگیری بەردەواممان کرد بۆ چارەسەریی کێشەی ڤیزای مامۆستا خالقی و بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ هەواڵیانپێمدا کە ڤیزایان بۆ دەرکراوە.

ئەوەشی راگەیاند: هاتنەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی دوای ۳۸ ساڵ بۆ شاری سنە، زێدی لە دایک بوونی ئەو  گەورە هونەرمەندەی کورد، جێگای خۆشحاڵی هەمووانە و سنە باوەشی بۆ مامۆستا خالقی کراوەیە.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە  1/7/2019 مامۆستا مەزهەر خالقی بە هاوڕێی جەمیل ڕوستەمی، دەرهێنەری ناسراوەی کورد لە سلێمانیەوە بگاتە شاری سنە.

هاتنی مامۆستا مەزهەر خالقی بۆ سنە لەسەر بانگهێشت و داخوازی بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ناودارانی کوردە کە بڕیارە 2 و 3ی ته‌موز لە زانکۆی کوردستان بەریوەبچێت.

لەو کۆنگرەیەدا ڕێز لە ۳۰ هونەرمەند و بلیمەتی ناوداری کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست، هونەر و فەرهەنگ و وەرزش و ئەدەبیات دەگیردرێت کە یەکێکیان مامۆستا مەزهەر خالقیە.

 

 

 

 

هه‌واره‌
شەوێکی ساردی زستان
دوور بووم لە کۆڕی دۆستان
نە مەستی مەی پەرستان
نە دەنگی دیدە مەستان

هەوارە گیان، هەوارە
سازبە، بچینە هەواری
سەفەرێکم کەوتە بەر
چیت بۆ بێنم، بە دیاری

کە تۆ هاتی بەهار هات
بۆنی گوڵ و گوڵزار هات
کە یاری چاو خومار هات
دەرمانی دەردەدار هات

هەوارە گیان، هەوارە
کاتی بۆنی گوڵزارە
لە داوێنی کۆساران
سازکەین هەڵکەین دەوارە

بانگم کە باخی سێوان
بزەت بێتە سەر لێوان
زوڵفت بە شنەبای شێوان
غەم با بردی لە نێوان

هەوارە، گوڵم هەوارە
سازبە بچینە هەواری
گوڵان بچنین لە بناران
بیدەین بە یەک بە دیاری

میلۆدی: فۆلکلۆر
ئەرێنج و ڕابەر: مستەفا کەسرەوی
ئۆرکسترای گەورەی تاران ١٩٦٨

 

 

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی میهر

6568 جار خوێندراوەتەوە