لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم دەكات

12:28 - 01/07/2019
عێراق

عقێلی: ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەكات بەشە بودجەی هەرێم دەبڕین

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت: لیژنەكەیان راپۆرتێكیان ئامادەكردوەو لە رێگەیەوە رۆژانە هەرێم پابەند دەكەن بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، دەشڵێت: ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەست نەكات بەشە بودجەی هەرێم دەبڕن.

سوهام عقێلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكی بۆ رۆژنامەی سەباح جەدیدی عێراق رایگەیاند: لیژنەكەیان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكردووە، دەشڵێت: لە رێگەی ئەو راپۆرتەوە هەرێمی كوردستان پابەند دەكەن، كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات وەك چۆن پێشتر لەسەری رێككەوتون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەش دوپات دەكاتەوە، ئەگەر هەرێم پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبێت و نەوت رادەستی بەغداد نەكات ئەوا وەزیری دارایی رادەسپێرن بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت.

3675 جار خوێندراوەتەوە