له‌ دهۆک هاوڵاتییەک دەیان مار لە ماڵەکەیدا بەخێو دەکات

06:24 - 27/06/2019
هەمەڕەنگ

لە ناحیەی قەسرۆک سەربە قەزای شێخان سنووری پاریزگای دهۆک، هاوڵاتییەک ٣٥ مار و چەندین جۆر باڵندە و پشیلە پێکەوە بەخێو دەکات.

عەبدولستار ئەمین، ماوەی ٣٥ ساڵە مار لە ماڵەکەی بەخێو دەکات و لە ئێستادا خاوەن ٣٥ مار و چەندین باڵندە و پشیلەیە.

عەبدولستار ئەمین، دوو جۆر مار لە ماڵەکەیدا بەخێو دەکات، ماری رەشی بێ ژەهر و شاماری ژەهردار، رۆژانە خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکات و لە ساردی و گەرمی دەیانپارێزێت.

 

 

لەبارەی بەخێوکردنی مار و گیانەوەرەکانی دیکە عەبدولستار به‌ ئه‌نادۆڵی راگه‌یاند: "لە ئێستادا ٣٥ مار لە ماڵەکەم بەخێو دەکەم، دانیشتوانی ناحیەی قەسرۆک و دەورووبەری لە کاتی بینینی مار ئاگادارم دەکەنەوە، منیش دەچم مارەکان دەگرم لە ماڵەوە بەخێویان دەکەن و بەجۆرێک راهێنانیان پێ دەکەم کە کێوی نەمێنن و ماڵی ببن".

 

 

ده‌شڵێت: "لە مانگی شەشی هەموو ساڵێک وەرزی زاوزێی مارە لە هەرێمی کوردستان، مارەکانی من بە شێوەیەکی ئاسایی لەم مانگەدا جووت دەبن و دوای ماوەیەک هێڵکە دەکەن و دواتر بێچووە مارەکان دێنە دونیاوە و بەخێویان دەکەم".

 

 

عەبدولستار دەڵێت "جگە لە ٣٥ مار، پشیلە و کەو و کۆترم هەیە، ئەگەر ئەو گیانەوارانە لە دەرەوە بن یەکتر دەخۆن، بەڵام لە ماڵەکەی من دۆستی یەکترن".

 

1106 جار خوێندراوەتەوە