یانزەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە

06:02 - 26/06/2019
گەلەری

بە بەشداری 100 کۆمپانیا لە پێنج وڵات، پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و کارەبا و وزە لە هەولێر کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە مستەفا هیتی سەرۆکی سندوقی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کردەوە تیرۆریستییەکان و فەلاح مستەفا سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و هاکان کاراچای کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر بەشداربوون.

لە ڕێورەسمەکەدا سۆران قادر بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، کردنەوەی یانزەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان، هەروەها سەد کۆمپانیا لە پێنج وڵاتی جیاوازەوە کە بریتین لە وڵاتانی، تورکیا، ئازەربایجان، کوێت، ئێران و عێراق و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن".

روونیشدەکاتەوە، 48٪ ی کۆمپانیا بەشداربووەکان، کۆمپانیاکانی تورکیان کە بە قەبارەیەکی گەورەوە بەشدارن و ئەم پێشانگایەش ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێ. 


هەروەها نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر گرنگی پێشانگاکە و وتی: پێشانگاکە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و ئەو شوێنانەی کە لەژێر دەستی داعش رزگارکراون، بەوپێیەی پڕۆژەیەکی ئێجگار زۆر لە ناوچە ئازادکراوەکان هەیە، ئیستا پڕۆژەکان پارەکانیان کاش دەدرێت و داوا دەکەن کە بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بە هێزەوە بچنە ناو پڕۆسەکە و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان.

565 جار خوێندراوەتەوە