دۆناڵد ترەمپ پەیامی ئاشتی ئاراستەی ئێران دەكات

11:58 - 21/06/2019
جیهان

ترەمپ بۆ ئێران: جەنگمان ناوێت بەڵكو گفتوگۆمان دەوێت
عەلی خامنەئی هەر جۆرەگفتوگۆیەك لەگەڵ ئەمریكا رەتدەكاتەوە

ئێران داواكارییەكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان تاران و واشنتۆن رەت دەكاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە،شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە رێگەی عومانەوە نامەیەكی بۆ ئێران ناردوە و تێیدا جەختیكردووەتەوە، كە ئەمریكا نایانەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵبگیرسێنێت، بەڵكو دەیانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان لەگەڵ ئێران چارەسەر بكەن.

ئاژانسەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكە بڵاویكردەوە، عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران نامەكەی وەرگرتووە، بەڵام هەر جۆرە گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئەمریكا رەتكردووەتەوە.

رەتكردنەوەی دەستپێشخەرییەكەی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئێرانەوە لە كاتێكدایە  ئاستی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بەرزبوەتەوە، بەتایبەتی لە پاش خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێ‌ فڕۆكەوانەكەی ئەمریكا.

6481 جار خوێندراوەتەوە