حزبە كوردستانییەكان یاداشتێك لەبارەی كەركوكەوە دەدەنە پەرلەمانی كوردستان‌و عێراق‌و یونامی

08:43 - 19/06/2019
کوردستان

حزبە كوردستانییەكان دۆخی نالەباری كەركوك دەخەنە ئەستۆی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق
حزبە كوردستانییەكانی كەركوك: دۆخی سەربازی و سیاسەتی تەعریب لە شارەكە كۆتایی پێ بهێنرێت


حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە یاداشتێكدا داوا لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و یۆنامی دەكەن, دژی ئەو دۆخە نائاسایی و سەربازییەی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەسەر شارەكەیاندا هێنراوە، بێنە سەرخەت‌و بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی دۆخی شارەكەش سەردانی شارەكە بكەن‌و پیادەكردنی ئەو جۆرە حوكمكردنەی شارەكەیان، دەخەنە ئەستۆی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عێراق‌و دەشڵێن: هیچ بیانویەك لەبەردەم یەكێتی و پارتیدا نەماوە بۆ هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی كەركوك.

حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێڕاق و یۆنامییان كردوە، داوایان لەو لایەنە كردوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی شارەكە، سەردانی پارێزگاكە بكەن.

لەیاداشتەكەدا، حزبەكان داوا دەكەن، باری نائاسایی و دۆخی سەربازی و سیاسەتی تەعریب لە شارەكە، كۆتایی پی َبهێنرێت و دوخی پارێزگاكەش بەو شێوەیە دەخەنە ئەستۆی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێڕاق و دەشڵێن: هیچ بیانویەك لەبەردەم یەكێتی و پارتیدا نەماوە كە هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی كەركوك بدەن.

بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكەركوك، لەسەر هەمان پرس لەگەڵ یۆنامی كۆببێتەوە، لێپرسراوێكی ئەو حزبەش باری ناهەمواری سیاسی و ئەمنی و ئابوری شارەكە، دەخاتە ئەستۆی حزبەكەی و باس لەوە دەكات، خەڵكی كەركوك لەو حوكمەی ئێستا لەشارەكە پەیڕەودەكرێت، بێزارن.

سیاسەتی تەعریب و سوتاندن و داگیركردنی زەویوزاری جوتیاران و دەركردنی بەشێك لەماڵە كوردەكان و دورخستنەوەی بەڕێوەبەرە كوردەكان، نمونەی شانۆی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی شارەكەن كە تێیدا زۆرترین زیانیان بۆ سەر دەسكەوتەكانی پێكهاتەی كورد هەبوە.

425 جار خوێندراوەتەوە