بەریتانیا: تا دێت چانسی بۆریس جۆنسۆن بۆ جێگرەوەی تێریزا مای زیاتر دەبێت

05:41 - 19/06/2019
جیهان

لە گەڕی دوەمی دەنگدانی نێو پارتی پارێزگاران جۆنسۆن 126 دەنگی بەدەست هێنا

لە پرۆسەی دەنگدانی نێو پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران بۆ جێگرەوەی پۆستەكەی تێریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، پێنج كاندید ماونەتەوە، چاودێرانیش پێیان وایە، بۆریس جۆنسۆن، چانسی زیاترە ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت.


لەگەڕی دوەمی دەنگدان كە رۆژی سێشەممە لەنێو پەرلەمانتارانی پارتەكەی بەڕێوەچوو، بۆریس جۆنسۆن لە كۆی 313 دەنگ، 126 دەنگی بەدەستهێنا.

رۆژی چوارشەممەو پێنجشەممەش جارێكی دیكە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران، دەنگ دەدەن لەسەر جێگرەوەی تێریزا مای، ئەو كات یەكێك لەو پێنج كاندیدە لە خولی دووبارەكردنەوەدا، كە بڕیار بەدەست و سیاسییە باڵاكانی پارتی پارێزگاران بڕیاری لێ دەدەن، دەبێتە ركابەری بۆریس جۆنسۆن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.

تێریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا, بەهۆی شكستی پڕۆژەكەی لەبارەی برێگزیت لەنێو پەرلەمان، كۆتایی مانگی رابردوو بڕیاری دا دەست لە سەرۆكایەتیی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار و سەرۆك وەزیران، بكێشێتەوە.

231 جار خوێندراوەتەوە