ڕانیە؛ لەسەر كوشتنی گورگێك شوانێك دەستگیر دەكرێت

04:44 - 19/06/2019
کوردستان

لە بەرامبەر كوشتنی گورگێك ‌و بەفەرمانی دادوەر، شوانێكی خەڵكی ناحیەی سەركەپكان، دەستگیر دەكرێت, مەڕدارەكانی سنورەكەش داوای قەرەبووی زیانەكانیان دەكەن كە بەهۆی گورگەوە لێیان كەوتوە.

پاش ئەوەی شوانكارێكی خەڵكی گوندی گێوژەی سەر بە ناحیەی سەركەپكانی قەزای ڕانیە, لە نزیك ماڵەكەی خۆی، گورگێگ دەكوژێت و وێنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك, بڵاودەكاتەوە, دواتر بە فەرمانی دادوەر، ئەو شوانە دەستگیر دەكرێت و فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ دوو برای ئەو شوانكارە دەرچوە.

هاوڵاتییان و مەڕدارەكانی سنورەكەش, ڕایدەگەیەنن: ئەو شوانە بەهۆی ئەو گورگەوە زیانێكی زۆری بەركەوتوە و ژمارەیەكی زۆر لە مەڕ و بزنەكانی خواردوە, حكومەت لەبری ئەوەی قەرەبووی بكاتەوە، دەستگیری كردوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕینیش دەلێت: ئەوان بەپێی ڕێنماییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕینیان لێ ئاگاداركردوەتەوە و ئەوانیش لێپرسینەوەی یاسایی خۆیان كردوە.

3559 جار خوێندراوەتەوە