ڕه‌وانه‌كردنی هه‌زار سه‌ربازی تری ئه‌مریكی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

08:36 - 18/06/2019
جیهان

ئەمریكا هەزار سەربازی تر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات
وەزیری دەرەوەی چین: لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نیگەرانین
روسیا رەخنەی توند لە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت
مۆسكۆ؛ بڕیارەكەی ئەمریكا دەبێـتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
روسیا: پێویستە ئەمریكا دەستبەرداری پلانی ناردنی هێزی زیاتربێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزیری دەرەوەی چین: داوا لە گشت لایەنەكان دەكەین كە دۆخەكە  ئاڵۆزتر نەكەن
سەرۆك كۆماری ئێران: نامانەوێـت جەنگ لە دژی هیچ دەوڵەتێك هەڵبگیرسێنین


دوای ئەوەی تاران هۆشداریی پابەندنەبوونی بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەوەدا, ئیدارەكەی ترەمپ بڕیاری ڕەوانەكردنی 1000 سەربازی دیكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەركرد، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە و مۆسكۆ بە توندی بڕیارەكەی ئەمریكای بۆ ناردنی هێز ڕەتكردەوە و هەریەك لە چین و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپاش داوا دەكەن كە رێگری بكرێت لەوەی بارودۆخەكە لەوەی هەیە ئاڵۆزتر ببێت.

لە دوای ئەوەی كە ئێران هۆشدارییدا، لە 27ی ئەم مانگەوە ئەو سنورە تێدەپەڕێنن، كە بەپێی ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی قورس بۆیان دیاریكراوە, پاتریك شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمریكا بەوەكالەت، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لەسەر داوای فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكاو  پاش راوێژكردن لەگەڵ كۆشكی سپی، بڕیاریان داوە هەزار سەربازی دیكە ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بكەن. ئەمەش بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئەو مەترسیانە لەو ناوچەیە رووبەروویان دەبێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا بەوەكالەت راشیگەیاندوە: ئەو هەنگاوە، گرەنتی پاراستنی هێزەكانیان دەكات و هەرەوەها دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیشیان.  

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند: ئێران  جەنگ لە دژی هیچ دەوڵەتێك، بەرپا ناكات ‌و ئەوانەی دژایەتیی ئێران دەكەن، ژمارەیەك كەسانی كەم توانا و بێ‌ ئەزمونن لەسیاسەتدا.

ئەم هەنگاوەی ئەمریكا كاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و سێرگی ریابكۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ناردنی هێزی زیاتری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیستیفزازی سەربازییە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا، بڕیارەكەی ئەمریكای وەك هۆكاری ئاڵۆزتربونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناوبردوە و رایگەیاندوە: ئەگەر واشنتۆن دەیەوێت شەڕی ئێران روو نەدات، پێویستە دەستبەرداری پلانی ناردنی هێزی زیاتر بێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوكات وەزیری دەرەوەی چین هەڵوێستی وڵاتەكەی سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نیگەرانە و داوا لە گەشت لایەنەكان دەكەن كە دان بە خۆیاندا بگرن و دۆخەكە لەوەی هەیە ئاڵۆزتری نەكەن. ناوبراو لە درێژەی وتەكانیدا داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد، كە گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر تاران لابەرێت و رایگەیاند، گرتنەبەری رێوشوێنی تاكلایەنە لەنێو یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هیچ بنەمایەكی نییە.

لە درێژەی كاردانەوەكاندا، فێدریكا مۆگرینی، نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی ڕایگەیاند، تەواوی ئەندامانی یەكێتییەكە هاوڕان لەسەر ئەوەی كە پێویستە تەواوی هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنەگەڕ. چونكە روودانی شەڕ لە ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە و زیانی بۆ ئەوروپا و تەواوی جیهان دەبێت.

1421 جار خوێندراوەتەوە