بەپەلە

سلێمانی؛ مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری سەردانی یەكێتی و سۆسیالیستیان كرد

09:23 - 17/06/2019
کوردستان

مەسرور بارزانی: هەوڵدەدەین لە كاتی یاساییدا كابینەی نوێ‌ پێك بهێنین
عیماد ئەحمەد: لەگەڵ پارتی سورین لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانمان
مەسرور بارزانی: لە یەكێتیمان نەبیستوە پرسی كەركوكی بەستبێتەوە بە پێكهێنانی حكومەتەوە
محەمەد حاجی مەحمود: لە داهاتوویەكی نزیكدا سیڤیی كاندیدەكەمان پێشكەش دەكەین 

ئەمڕۆ لە سلێمانی، مەسرور بارزانی، كاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندی یاوەری، سەردانی هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانی كرد. مەسرور بارزانی جەختی كردەوە كە لە وادەی دیاریكراودا كابینەی حكومەتی  هەرێم پێكدەهێنن‌و رەتیشی كردەوە پرسی كەركوك‌و پێكهێنانی كابینەكەی لەلایەن یەكێتیەوە پێكەوە گرێدرابن.

مەسرور بارزانی، كاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەردانێكیدا بۆ شاری سلێمانی، سەردانی هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانی كرد.

مەسرور بارزانی و شاندی یاوەریی سەرەتا سەردانی یەكێتی نیشتمانیان كرد و دوای نزیكەی 2 كاتژمێر لە كۆبونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لە وادەی دیاریكراویی یاساییدا.

عیماد ئەحمەد، سەرۆكی شاندی یەكێتی رایگەیاند: ئەوان چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز و خزمەتگوزارن و هەردولاشیان جەخت دەكەنەوە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەوەكانی نێوانیان.

مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری، سەردانی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانیان كرد‌و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: لە كابینەی نوێدا، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەركەوتەی حزبی سۆسیالیستە و سەبارەت بە بەستنەوەی پرسی كەركوك و پێكهێنانی كابینەی نوێ لەلایەن یەكێتی نیشتمانیەوە, مەسرور بارزانی ڕەتی كردەوە، داوایەكی لەو جۆرەیان لێكرابێت و ڕایگەیاند: ئەو پرسە پەیوەست نیە بە تەنها لایەنێك. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رۆژی 12ی 6 مەسرور بارزانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی مانگێكدا، بە پێی ئەو ڕێككەوتنانەی لە نێوان ئەو لایەنانەی بەشداری كابینەی نوێ دەكەن كراوە، پێدەچێت كابینەی نوێ‌ لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا پێك بهێنرێت.

287 جار خوێندراوەتەوە