كەركوك؛ دانیشتوانی گەڕەكی 16ی ئاب بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە گردبوونەوە

08:39 - 17/06/2019
کوردستان

ئەگەرچی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەكی زۆری باران لە كەركوك و هەرێمی كوردستان باری، بەڵام گەڕەكی 16 ی ئاب لە كەركوك، هێشتا دانیشتوانەكەی بە دەست  نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.

دانیشتوانی گەڕەكەكە لە گردبونەوەیەكدا داوا دەكەن, دوای 15 ساڵ لە دروستبونی گەڕەكەكەیان، ئیتر كاتی ئەوەیە كێشەی ئاویان بۆ چارەسەر بكرێت و ئاوی بیر خواستی ئەوان جێبەجێ ناكات.

نەبوونی ئاوی خواردنەوە، هەموو ساڵێك بەرۆكی دانیشتوانی گەڕەكی 16ی ئاب دەگرێت لە كەركوك، بۆ ئەمساڵیش سەرباری بارینی بارانێكی زۆر، كەچی هێشتا خەڵكی ئەو گەڕەكەو بەشێك لە دانیشتوانی ئەم شارە، بەدەست كەمئاوییەوە دەناڵێنن.

كێشەی كەمئاویی لەم گەڕەكە، دەگەڕێتەوە بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر،كە بوەتە هۆی نانەوەی پشێوی و لەسەر بێئاویی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتی كوشتن كەوتەوە، خەڵكەكەشی لەگردبونەوەیەكی ناڕەزاییدا، دەڵێن: ئاوی بیرمان پێ دەدرێت كە خواستی ئەوان جێبەجێ ناكات، بۆیە ناچاربوون پەنابەرنە بەر فرۆشتنی خانوەكانیان.

لە بودجەی ئەمساڵی پارێزگاكە، بڕی 200 ملیار دینار بۆفەرمانگەی ئاوی كەركوك دیاری كراوە، لێپرسراوێكی فەرمانگەكەش دەڵێت: بەتەواو بوونی پرۆژەی ( كەیوان دوو ) كە دەبێتە دووەم سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەكە، كێشەی كەمئاویی لەو گەڕەكەو وتەواوی شارەكە چارەسەر دەبێت. دەشڵێت: لەئێستادا لەسەدا 88ی كارەكانی پرۆژەكە كۆتایی هاتوە.

ئەمساڵ بەراود بە ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەیەكی زۆر باران لەپارێزگاكەدا باریوە، بەڵام بەهۆی كەمیی بەنداوەوە، نەتوانراوە وەك پێویست ئاو گل بدرێتەوە، جیا لەوەش پرۆژەی كەیوان یەك كە لەساڵی 1983 دروست كراوە، تەنها توانای دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی بۆ 850 هەزار كەس هەیە لەكاتێكدا ئێستا ڕێژەی دانیشتووانی كەركوك ئێستا لەوە زیاترە.

137 جار خوێندراوەتەوە