هەولێر؛ پڕۆژەی پێوەری زیرەك و داتاكردنی كارەبا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە

08:33 - 17/06/2019
کوردستان

بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان, پرۆژەی پێوەری زیرەك و داتاكردنی كارەبا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بریكاری وەزارەتی كارەباش رایدەگەیەنێت: بەجێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، كێشەو گرفتەكانی كارەبا، دەستنیشان دەكرێت و بەفیرۆچوونی كارەباش كەمتر دەبێتەوە. لە ئێستادا كارەكانی  پرۆژەی پێوەری زیرەك و داتاكردنی كارەبا لە هەولێر، دەستی پێكردوەو  دواتریش لە سلێمانی و دهۆك دەست پێدەكات.

نزیكەی 30 ساڵە كێشەی كەمیی كارەبای نیشتمانی، یەخەی هاوڵاتییانی ئەم هەرێمە بەرنادات، هەموو ساڵێك لە وەرزی گەرمای هاویندا، بەبیانووی خواست لەسەر كارەبا، پێدانی كارەبا بە هاوڵاتییان كەم دەبێتەوە.

 بۆ چارەسەریی كێشەی كارەبا، حكومەتی هەرێم پرۆژەی پێوەری زیرەك و داتاكردنی كارەبا دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، .بریكاری وەزرارەتی كارەباش رایدەگەیەنێت بەجێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، هەرچی كێشەو گرفتی كارەبا هەیە دەستنیشانی دەكات و بەفیرۆچوونی كارەباش كەمتر دەبێتەوە، دەشڵێت لە ئێستادا كارەكانی لە هەولێر بەسەركەوتوویی دەستپێكردووەو بەزووترین كاتیش لە سلێمانی و دهۆكیش دەستپێدەكات.

هاوڵاتییان نیگەرانن لەكەمیی كارەبای نیشتمانی و داوای چارەسەریی بنەڕەتی بۆ كێشەی كەمیی كارەبا دەكەن، وێرای تێبینی و سەرنجیان لەسەر پرۆژەكە،  بەشێك لە هاوڵاتییان ئەو سیستمە بە باش دەزانن بۆ نەهێشتنی نایەكسانی لەدابەشكردنی كارەبادا.

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمای هاوین  پێدانی كارەبا بەهاوڵاتییان لە 21 كاتژمێرەوە كەمبووەتەوە  بۆ 17 كاتژمێر لەشەوو رۆژێكدا. بەرێوەبەری گشتی كارەبای هەولێریش دەڵێت،  ئەو بڕە كارەبایەی وەردەگرن كەمترە لەچاو خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە. دەشڵێت هەوڵ دەدەن  تۆرەكانی كارەبا چاكبكەنەوە.

كێشەی نەبوونی كارەبای نیشتمانی بۆتە گرفتێكی گەورە لای هاوڵاتیان، لە ئێستادا لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكی بیانی و ناوەخۆییەوە ئەو پرۆژەیە   دەستی بە كارەكانی كردووە كە وابڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2020 تەواو ببێت.

561 جار خوێندراوەتەوە