بەپەلە

بەغدا؛ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوە

08:27 - 17/06/2019
عێراق

عەرەب‌و توركمان داوا دەكەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ١٣ كورسی پێك بێت 
كورد داوا دەكات هاوشێوەی پارێزگاكانی تر مامەڵە لەگەڵ كەركوك بكرێت

 
بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی یاسایی و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كۆبوونەوە. كۆمسیۆن دەڵێت: تا یەكی تەموز یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەموار بكرێتەوە، ئەوكات لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دەتوانن هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەن. تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، عەرەب و توركمان داوا دەكەن، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ١٣ كورسی پێك بێت و بۆ هەر پێكهاتەیە ٤ كورسی و بۆ مەسیحیەكان یەك كورسی دابنرێت‌و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش داوا دەكەن، هاوشێوەیەی پارێزگاكانی تر مامەڵە لەگەڵ كەركوك بكرێت.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، جارێكی دیكە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەبێتەوە پرسێكی گەرمی نێوان لایەنە سیاسییەكان.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بوەتە گرێكوێرەی بەردەم یاساكە، عەرەب و توركمان داوا دەكەن، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ١٣ كورسی پێك بێت و بۆ هەر پێكهاتەیە ٤ كورسی و بۆ مەسیحیەكان یەك كورسی دابنرێت.
 پێشنیازەكەی عەرەب و توركمان لەلایەن كوردەوە، بە تەواوەتی رەت كراوەتەوە، كورد داوا دەكات، كەركوك هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق مامەڵەی لەگەڵ بكرێت‌و بێبەش نەكرێت لە هەڵبژداردنی داهاتوو.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاشكرا بە لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی گوتوە، ئەگەر تا یەكی حەوتی یاساكە هەموار بكرێتەوە، ئەوكات لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دەتوانن هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەن، تا یاساكە زیاتر دوا بكەوێت، هەڵبژاردنەكەش دوا دەكەوێت.

تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پێی ناوەتە ساڵی حەوتەوە، تەنها پارێزگای كەركوك نەبێت كە بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی، لێ‌ ئەنجامە نەدراوە.

177 جار خوێندراوەتەوە