لە بری دەستەکانی بە قاچ وێنە دەکێشێت

03:23 - 17/06/2019
گەلەری

ئاراس عوسمان پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە ھۆی تەقەمەنییەوە ھەردوو دەستی لەدەستداوە، ئەو قاچەکانی ھیوای پێبەخشیوەتەوە و لە رێگەی قاچەکانییەوە وێنە دەکێشێت.

 

ساڵی ١٩٩١ بۆ ئاراس عوسمان ساڵێکی کارەساتاوی بوو، ئەو لەو ساڵەدا کە قوتابی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بە ھۆی تەقەمەنییەوە بەسەختی بریندار دەبێت و ھەردوو دەستی لەدەست دەدات.

ئاراس لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩ی ناوچەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی و لەئێستادا لە ناحیەی رزگاری لە نزیک قەزای کەلار (١٤٠ کلم باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) نیشتەجێیە، زۆربەی کاتەکانی رۆژانەشی بە وێنەکێشان و لە رێگەی قاچەکانییەوە بەسەر دەبات.

ئاراس لە بارەی لەدەستدانی دەستەکانی و چۆنێتی دەستکردن بە کاری وێنەکێشان ده‌ڵێت، ساڵی ١٩٩١ بە ھۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە لە ناوچەکەی خۆمان بەسەختی بریندار بووم و ھەردوو دەستم بەو ھۆیەوە لەدەستدا، ئەو کارەساتە و لەدەستدانی دەستەکانم زۆر بێھیوایان کردم لە ژیان و بووە رێگر لەبەردەم کارەکانمدا، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٧ و لە نەخۆشخانەی ئێمیرجنسی پزیشکەکەم زۆر ھانیدام و ھیوای بۆ گەڕاندمەوە.

ده‌شڵێت، پزیشكه‌كه‌م داوای لێکردم لە رێگەی قاچەکانمەوە دەست بە ژیان بکەمەوە و ھیوا بگەڕێنمەوە، ووردە ووردە دەستم کرد بە بەکارھێنانی قاچەکانم بۆ نان خواردن و کارەکانی تر و ھیوایەکم بۆ ژیان بۆ گەڕایەوە.

ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتە باس لەوەش دەکات، لەسەرەتاوە کەمئەندامییەکەی لە ژیان دایبڕیبوو، بەوەش بووبووە کەسێکی بێھیوا و خەمبار لە ژیان، بەڵام وێنەکێشان جارێکی تر ھیوای پێبەخشیوەتەوە و لەئێستادا کەمئەندامییەکەی نەوەک نەبووەتە رێگر بەڵکو ئومێد و ھیوا بە کەسانی تریش دەدات.

ئاراس لەگەڵ ئافرەتێک کە ئەویش خاوەن پێداویستی تایبەتە خێزانی پێکھێناوە و خاوەنی سێ منداڵن، وەک خۆشی دەڵێت، جگە لە مووچەیەکی کەمئەندامی ھیچ سەرچاوەیەکی تری بژێوی ژیانی نییە.

ئەم خاوەن پێداویستییە بەھرەمەندە تا ئێستا شەش پێشانگای لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە و بەردەوامە لەسەر وێنەکێشان و لە درووستکردنی وێنەکاندا لاک و بۆیەی زەیتی و ماجیک بەکار دەھێنێت و دەیەوێت لە رێگەی وێنەکانییەوە پەیامی ھیوا و ژیان بە ھەمووان ببەخشێت.

328 جار خوێندراوەتەوە