بەپەلە

به‌وێنه‌: ئه‌ڵقه‌ی زكری موریدانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌ دەربەندیخان

07:02 - 15/06/2019
گەلەری

موریدانی تەریقەتی نەقشبەندی شەوانە لە خانەقایەکی قەزای دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کۆدەبنەوە و ئەڵقەی زیکر و حاڵی خۆیان دەکەن.

شەوانە ژمارەیەک لە شێخ و سۆفی تەریقەتی نەقشبەندی لە خانەقای سیراجەدین لە دەربەندیخان کۆدەبنەوە، بەشێک ئەو کەسانەی لەو ئەڵقەی زیکرەدا بەشدارن لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە ھاتون ، زۆرجار موریدانی ئەم تەریقەتە لە وڵاتانی دراوسێ و جیھانیشەوە سەردانی خانەقاکە دەکەن و بەشدار دەبن لە ئەڵقەی زیکر و حاڵی خانەقاکەدا.

ئەڵقەی زیکری ئەوان لە شەوان و بە تاریکی ئەنجام دەدرێت، ئەوەش وەک خۆیان دەڵێن تا زیاتر لە زیکر و یادی خودایان نزیک بکاتەوە.

مەجید سەعید پێنجوێنی خاوه‌نی بڕوانامەی دکتۆرایه‌ و یەکێکە لە مامۆستایانی ئاینی شوێنکەوتووی تەریقەتی نەقشبەندی، ئەو کە لە کۆڕی ئەڵقەی زیکری خانەقاکەدا ئامادەیی ھەیە وتی، شەوانە بە بەردەوام لە خانەقای حەزرەتی شێخی سیراجەدین لە دەربەندیخان بە سەرپەرشتی مامۆستا شێخ حسەین کە وەکیلی شێخ عوسمانی سیراجەدینە زیکر و یادی خودای تێدا دەکرێت لەسەر رێگای تەریقەتی نەقشبەندی، لە ھەمووشار و شارۆچکەکان خانەقا و حوجرە و مەدرەسە ھەیە و لەو شوێنانە سەدان فەقێ پێگەیشتوون و ئێستا لە مزگەوتەکان خزمەت دەکەن.

وتیشی، مرۆڤ لە سیمایدا ھەرچۆن بێت ئەوا خودای گەورە بۆ سیمای ناڕوانێت و سەیری ناخی دەکات، بۆیە ئەھلی تەسەوف ئەھلی تەزکییەیە.

لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتووانی تەریقەتی نەقشبەندی ھەیە و لە شارو شارۆچکەکانی ھەرێم خانەقا و کۆڕی زیکر و حاڵیان ھەیە.

2246 جار خوێندراوەتەوە